له‌ پێنج رۆژدا 500 هێكتار سووتاوه‌

ئاگره‌كه‌ى سنوورى مه‌ریوان به‌ره‌و كۆنتڕۆڵكردن ده‌چێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

چه‌ن رۆژێكە دارستانەکانی زاگرۆس لە ناوچەی مەریوانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان دەسووتێن و بە پێی ئامارێکی ئەنجوومەنی سەوزی چیا، تا ئێستا نزیکەی 500 هێکتار دارستان و پوش و پاوان سووتاون.

لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 3.8.2023ـه‌وه‌، لە شوێنی جیاجیاى‌ دارستانەکانی زاگرۆس لە ناوچەی مەریوان ئاگر کەوتووەتەوە و سه‌ره‌تا ناوچه‌كانی دەرەوەران و ئاسنەوە و سەرشیوى گرته‌وه‌، دواتر په‌ڕیه‌وه‌ و زۆربەی سنوورەکەی گرتووەتەوە.

شه‌ریف باژوێر، ئه‌ندامى ده‌سته‌ى دامه‌زراندنى رێكخراوى ئەنجوومەنی سەوزی چیا، به‌ 964ـى وت، له‌ماوه‌ى ئه‌م پێنج رۆژه‌دا رووبه‌ڕێكی زۆرى دارستانه‌كان زیانێكی فراوانیان به‌ركه‌وتووه‌.

وتیشی “دواى بانگه‌وازى ئه‌نجومه‌نى سه‌وزى چیا بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنى ژینگه‌دۆستان، ژماره‌یه‌كی زۆرى چالاكوانان له‌ شاره‌كانى ورمێ و کرماشان و ئیلام و تەنانەت لە شیراز و هەمەدانیشەوە بۆ یارمه‌تیدانى خه‌ڵكى مه‌ریوان هاتوون”.

به‌قسه‌ى ناوبراو، مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت زیاتر له‌ 500 چالاكوان و ژینگه‌دۆست خه‌ریكی كوژاندنه‌وه‌ى ئاگره‌كه‌ بووبن، ژنانیش رۆڵى به‌رچاویان هه‌بووه‌.

وتیشى “تا ئێستاش له‌چه‌ند شوێنێك بڵێسه‌ى ئاگره‌كه‌ ماوه‌ به‌ڵام به‌ره‌و كۆنتڕۆڵكردن ده‌چێت”.

بە گوێرەی ئامارێکی ئەنجوومەنی سەوزی چیا، كه‌ رێكخراوێكی ژینگه‌یی شارى مه‌ریوانه‌، تا ئێستا نزیکەی 500 هێکتار دارستان و پوش و پاوان سووتاون و تا ئه‌مڕۆ نه‌توانراوه‌ به‌ته‌واوه‌تى ئاگره‌كه‌ كۆنتڕۆڵ بكرێت و له‌چه‌ند شوێنێكى كه‌م بڵێسه‌ى ئاگره‌كه‌ ماوه‌.

به‌پێی یاساكانى پێوانه‌كردنى رووبه‌ر، یه‌ك هێكتار زه‌وى ده‌كاته‌ 10 دۆنم.

رێكخراوه‌كه‌ ده‌ڵێت، ئێران دەستی له‌و ئاگرتێبه‌ردانه‌ى دارستانه‌كانى زاگرۆس هه‌یه‌ و دەیەوێت ژینگەی کوردستان وێران بکات.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، مانگی رابردوو بەهۆی هێرشەکانی سه‌ربازیى ئێرانەوە بۆ سەر ناوچەی کۆساڵان، نزیکەی 100 هێکتار دارستان و پوش و پاوان سووتان.