لە مەرزی تەوێڵە - شوشمێ

دەستبەسەر بارێک نانەقەیسی نەشیاودا گیرا

964+

پێشەوا محەمەد

لە مەرزی تەوێڵە – شوشمێ دەستبەسەر بارێک قەیسی 430 کیلۆگرامدا گیرا، کە “بۆ خواردن شیاو نەبووە” و رەوانەی وڵاتی ئێران کراوەتەوە.

بارەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 6.8.2023 لە لایەن بنکەی چاودێری خۆراکی مەرزەکەوە دەستی بەسەرداگیراوە.

هۆکاری نەشیاوی نانەقەیسییەکە بۆ ئەوە دەگەڕێندرێتەوە، کە بەپێی رێنمایی و مەرجەکانی حکومەتی عێراقی دروست نەکرابوو و رەتکراوەتەوە، ئەوە بە پێی وتەی بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە.

حەمید بارام، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بە 964ـی راگەیاند، خۆراک و کەلوپەلێکی زۆری نەشیاو و خراپبوو لە مەرزەکەیان دەستیبەسەردا گیراوە و توانیویانە رێگری بکەن لەوەی شتی نەشیاو و ناتەندروست نەگاتە بازاڕەکانی هەرێم.

وتیشی، “ئەو خواردن و کەلوپەلانەی تا دوو مەرجی حکومەتی عێراقیان تێدا نەبێت راستەوخۆ لەناودەبرێن، بەڵام ئەوانەی لە وڵاتی ئێران شیاون و مەرجێکی حکومەتی عێراقیان تێدا نیەی یان بۆ وڵاتی ئێران کێشەیان نییە دەنێردرێنەوە”.

مەرزی شوشمێ پارێزگای هەڵەبجە دەبەستێتەوە بە پارێزگای كرماشانەوە، دوایين ناوچە لە دیوی هەرێمی كوردستانەوە شارەدێی تەوێڵەیە، كە 22 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەوە دوورە.