جومعان ئاژەڵ و پەلەوەر شەقام و شۆستەکان داگیر دەکەن

شارەوانی هەولێر بەتەمایە بازاڕی ناو پردی سەیداوە رێکبخاتەوە

شۆڕش قادری

شارەوانی هەولێر بەتەمایە بازاڕی جومعانەی ناو پردی سەیداوە رێکبخاتەوە و داوا لە کاسبکاران و هاوڵاتیانیش دەکات، زیادەڕۆیی نەکەنە سەر موڵکی گشتی و پاک و خاوێنی ناوشاریش رابگرن.

لەپێناو پاراستنی سیمای سەنتەری شاری هەولێر، پاکڕاگرتنی شۆستە و شەقامەکان و ڕێگریکردن لە بڵابوونەوەی بۆنی ناخۆش و نەخۆشی، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی یەک بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، هەڵمەتێکی چاودێری و بەدواداچوونیان بۆ بازاڕی سەنتەری شار و پردی سەیداوە ئەنجامدا .

لە کاتی پشکنینەکاندا، دەرکەوتووە کە لە رۆژانی هەینیدا ژمارەیەکی زۆر لە فرۆشیاران بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و دوای رەچاونەکردنی مەرجە ژینگەیییەکان، پەلەوەر و باڵندە لەسەر شۆستە و شەقامەکان نمایش دەکەن و پاشماوەکانیش بە پاکنەکراوەیی بەجێدەهێڵن، ئەوەش بارگرانی بۆ تیمەکانی خاوێنکردنەوە دروست دەکات.

هەر بۆ ئەم مەبەستە سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر جەخت لەسەر چەند خاڵێک دەکاتەوە به رەچاوکردنی دۆخی کاسبکارانی خۆماڵی و دوورخستنەوەی کەسانی بیانی لەم چالاکییە بازرگانییە هەڕەمەکیانە.

1- پابەندبوونی تەواوی کاسبکاران بە رێنماییەکانی شارەوانییەوە.

2- نەکردنی هیچ جۆرە زێدەڕۆییەک لەسەر موڵکی گشتی (شۆستە و شەقام).

3- پاکڕاگرتنی شوێنی کار دوای کۆتاییهاتن بە کارەکانی کڕین و فرۆشتن.

سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر داوا لە کاسبکار و هاوڵاتیان دەکات، هاوکاری تیمەکانیان بکەن لە پاراستنی پاکوخاوێنی و ژینگەی پایتەخت.