هێشتا کۆنتڕۆڵ نەکراوە
ئاگرەکەی پێنجوێن زیاتر لە 100 مینی تەقاندووەتەوە
964+
محەمەد عومەر – پێنجوێن
تەقینەوەی مینێک لەسنوری نێوان رۆژهەڵاتی کوردستان ئاگرێکی گەورەی دروستکردووە و پەڕیوەتەوە بۆ پێنجوێن و تا ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
ئارام علی وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە 964ی وت، “ئەمڕۆ تیمەکانمان لەو ناوچانەی کە ئاگریان تیا کەوتووەتەوە، لە گوندەکانی نزیک قەزای پێنجوێن توانیان کۆنترۆلی ئاگرەکە بکەن و ئاگربڕ لە نزیک گوندەکانی ناوچەکە دروستبکەن، بەڵام هەندێک شوێن بەو پێیەی ڕێژەیەکی زۆر لە مینی تێدایە هیچ کەس ناتوانێت نزیک بێتەوە و ئاگر لە هەندێک شوێن بەردەوامی هەیە”.
بەختیار سۆران چالاکوانێکی قەزای پێنجوێنە کە وەک خۆبەخش لەکوژاندنەوەی ئاگرەکە بەشدارە بە 964ی وت، “بەشێکی ئاگرەکە دەکەوێتە سەر شاخێک لە ناوچەکە، کە پڕیەتی لە مین، ئەمرۆ زیاد لە 100 مین لەو ناوچەیە بەهۆی ئاگرەوە تەقیونەتەوە، تا ئێستا بەردەوامی هەیە و هیچ کەسێک ناتوانێت نزیک بکەوێتەوە”.
بەوتەی دانیشتوانی ناوچەکە، ئاگرەکە لە سنوری گوندی ئاسناوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە هاوسنوری قەزای پێنجوێنە بەهۆی تەقینەوەی مینەوە سەریهەڵداوە و بەرەو گوندەکانی نزیک پێنجوێن تەشەنەی کردووە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی