وردەکاریی رووداوە هاتوچۆکەی شەوی رابردووی سەر رێگەی هەولێر – کەرکوک

پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

درەنگانی شەوی رابردوو لەسەر رێگەی سەرەکیی هەولێر – کەرکوک و لە نزیک گوندی “دۆڵەبەکرە”، رووداوێکی سەختی هاتوچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلدا روویداو بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون، کە ئێستا یەکێکیان لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە.

رووداوەکە لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری “تۆیۆتا یارس” و ئۆتۆمبێلێکی جۆری “تۆیۆتا کڕۆڵا”دا بووە. لە ئۆتۆمبێلە یارسەکەدا دوو گەنجی عەرەب بوون کە هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە، لە ئۆتۆمبێلە کڕۆڵاکەشدا خێزانێکی کورد بوون کە خەڵکی گوندێکی کەرکوکن و بەرەو بنەسڵاوە هاتوون، لەو خێزانەش سێ کەس گیانیان لەدەستداو کە پێکهاتوون لە ژنێکی تەمەن سەروو 60 ساڵ و دوو برای تەمەن 65 و 70 ساڵ.

هەر بەهۆی رووداوەکەوە دوو کەس برینداربوون، یەکێکیان منداڵێکی تەمەن هەشت بۆ 13 ساڵانە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر لەژێر چاودێری چڕدایە، بریندارەکەی دیکەش دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست رەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە. لە کاتی رووداوەکەدا سێ کەس دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش دوای گەیشتنیان بە نەخۆشخانە گیانیان سپاردووە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر