دیمەنێک لە فڕۆکەخانەی بەغدا - وێنە: ئاژانسەکان
بەڵام نەجەف نا
هاتوچۆی فڕۆکە ئێرانییەکان لە فڕۆکەخانەی بەغدا وەستاوە
ئەحمەد مستەفا
بەرپرسانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق رایانگەیاندووە، هاتوچۆی فڕۆکەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، لە بەرەبەیانی چوارشەممە 23ی ئەیلوولەوە وەستاوە.
ئەمەش دوای ئەوەی کۆمپانیا تایبەتەکانی خزمەتگوزاریی لە فڕۆکەخانەکە رایانگەیاندووە، بەهۆی ترسی سزا ئەمریکییەکانەوە، لەوانەش سووتەمەنی پێدان گەشتەکانیان وەستاندووە.
بەڵام، هاتوچۆی فڕۆکە ئێرانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف بەردەوامە، بەپێی خشتەی هاتوچۆی ئەو فڕۆکەخانە، لە رۆژی چوارشەممەدا 18 فڕۆکە بۆ ئێران هەڵفڕیون، کە هەشت دانەیان بۆ تاران، نۆ دانە بۆ مەشهەد و یەک دانە بۆ رەشت بوون.
تا ئێستا حکومەتی عێراق هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ وەستاندنی گەشتەکان لە نێوان عێراق و ئێران رانەگەیاندووە، بەرپرسیارێکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق وتوویەتی وەستانی گەشتەکان لە بەغدا بەهۆی هەڵوێستی کۆمپانیاکانی خزمەتگوزارییەوە بووە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هاتووە کە ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزا لەسەر هەر فڕۆکەخانەیەک کردووە کە خزمەت بە کۆمپانیا فڕۆکەوانییە ئێرانییەکان بکات.