ئاگاداری یاری منداڵەکەت بە

964+

دیلان محەمەد جەزا

ئەو پلاستیکەی لە هەندێک لە یارییەکاندا بەکاردێت بۆ منداڵان بە ڕەنگی گەش مەترسییەکی گەورە دەخاتە سەر تەندروستیان.

لەشکر حەمید پسپۆڕی خۆراک بە 964ـی وت، یاری منداڵ پێویستە پشکنینی بۆ بکرێت پێش ئەوەی یاری پێبکرێت، پارچەیەک لە پلاستیکە بکرێتە دەفرێکی ئاو بۆ ماوەی دوو کاتژمێر، دواتر پشکنینی کانزا قورسەکان بۆ ئاوەکە بکرێت، بۆ ئەوەی بزانرێت رێژەی کانزای قورس لەناو یاری منداڵەکەدا چەندە.

یارییەکان مەترسی خۆیان هەیە، لەبەر ئەوەی لە رێگەی لیک و گازگرتنەوە دەچێتە جەستەی منداڵەکەوە، ئەوەش مەترسی تەندروستی دروستدەکات.

رەنگی زەرد و سەوز بەهۆی رەنگەکانیانەوە کانزای قورسی تێدایە یان ئه و یاریانەی رێژەیەکی زۆر ستاپلایزەری تێدا بەکاردێت بۆ رەونەق و جوانی پلاستیکەکە.

کانزا قورسەکان کاتێک دەچێتە جەستەی منداڵەوە کاریگەری دەکاتە سەر تەندروستیان و لە جەستەدا دەمێنێتەوە بە تێپەڕبوونی کات هۆکارە بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان و تێکدانی خانەکانی لەش و وەستانی گورچیلە و خانەکانی لەش و نەخۆشییە شێرپەنجەیەکان.

باشتر وایە پلاستیکی بێ رەنگ بکڕدرێت بۆ منداڵان، یان دڵنیابین لە پشکنینی کانزا قورسەکان و جۆری پلاستیکەکان تا چەند کوالیتی بەرزە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی