لە پارێزگاکانی عێراق ماسی کوردستان رەواجی زۆرە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
بەهۆی تێکدانی حەوزی ماسییەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، خواست لەسەر ماسی کوردستان زیادی کردووە و نرخەکەشی گران بووە.
سەڵاح مەجید، سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان بە 964ی راگەیاند، بەهۆی کێشەی کەمئاویەوە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، حەوزەکانی ماسی پڕکردوونەتەوە و ئەوەش وایکردووە خواست لەسەر ئەو ماسیەی لە کوردستان بەرهەمدێت زیاتر بێت.
ئەو بەرپرسەی سامانی ماسی ئەوەش دەڵێت، پێشتر حەوزی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووت عێراق یەک ملیۆن تۆنی ساڵانە بەرهەمی ماسیان هەبوو، بەڵام ئێستا بۆ کەمتر لە نیوەی کەمبووەتەوە.
خەڵات قاسم، خاوەنی حەوزی ماسیە لە تەقتەق بە 964ی وت، “خواستی پارێزگاکانی تری عێراق لەسەر ماسی کوردستان زیادی کردوە و دەڵێن بەرهەمیان کەمبووە و بێئاویە و حەوزەکانیان پڕکراونەوە”.
خاوەنی ئەو حەوزەی ماسی لە تەقتەق وتیشی، “پێشتر نرخی ماسی بە حەوت هەزار دینار بوو، ئێستا بەهۆی ئەو خواستە زۆرەوە بەپێی شوێنە جیاوازەکانی هەر کیلۆیەک لە 500 تا هەزار و 500 دیناری چووەتەسەر”.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی