زیانى گیانی نەبووە
نەوتەکە هیچى لێ نەڕژاوە؛ کەشتییەکی نەوتهەڵگری عێراق لەلایەن سەرچاوەیەکی نادیارەوە پێکرا
وریا فەتاح
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، کەشتییەکی تایبەت بە کۆگاکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە ناو ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا لەلایەن سەرچاوەیەکی نادیارەوە کراوەتە ئامانج، بەڵام رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و ژینگەیی لێ نەکەوتووەتەوە.
لە روونکردنەوەیەکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوى کردووەتەوە، وەزارەتى نەوتى عێراق ئاشکرایکردووە، کەشتییەکە لە جۆری کۆگا (خەزان)ـە و تایبەتە بە کۆگاکردنی بەرهەمی زەیتی سووتەمەنی، کە لەلایەن “کۆمپانیای عێراقی بۆ گواستنەوەی نەوت”ەوە بەکرێ گیراوە.
وەزارەتەکە دەڵێت، کەشتییەکە لە کاتی بوونیدا لە ناو ئاوە هەرێمییەکانی عێراق، لەلایەن سەرچاوەیەکی نادیارەوە پێکراوە و بەهۆیەوە تەنیا زیانێکی ماددیی کەم بەر دیواری کەشتییەکە کەوتووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی نەوت دڵنیایی دەداتە رایگشتی و جەخت دەکاتەوە کە، “رووداوەکە هیچ جۆرە زیانێکی گیانی نەبووە و تەواوی ئەندامانی تیمی کەشتییەکە سەلامەتن، هەروەها هیچ بڕە سووتەمەنییەکیش لە کەشتییەکەوە دزەی نەکردووەتە ناو ئاوەکە.”
لە کۆتاییدا وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی وردن لەسەر وردەکارییەکانی ڕووداوەکە، بە مەبەستی ئاشکراکردنی سەرچاوەی هێرشەکە و هۆکارەکانی.