بۆچی بەهەشتی رەتکردەوە؟

ئەو شاعیرەی مەرەکەبی چامەکانی لە زنجیرە چیاکانەوە دەرهێنا

پێشەوا محەمەد

شێرکۆ بێکەس لەو شاعیرانەیە کە سەدساڵ جارێک دروست دەبن. ئەوە قسەی نووسەر و رۆمانووس بەختیار عەلییە، کە لە چلەی ماتەمینی کۆچی دوایی ئەو شاعیرەدا لە شاری سلێمانی کردی. ئەو وتی، “بێدەنگییەکی شیعری لە دوای مردنی شێرکۆ بێکەسەوە دروست دەبێت، کە پڕکردنەوەی هەروا ئاسان نابێت”.

شێرکۆ بێکەس بە هەزاران لاپەڕەی نووسراوەوە، بە ٧٣ ساڵ تەمەنەوە بووە یەکێک لە دیارترین سیما دیارەکانی شیعری هاوچەرخی کوردی و ئەدەبیاتەکەی لەناو کتێبخانەی کوردی بە یەکێک لە باڵاترین و راقیترین ئەدەبیاتەکان دادەندرێت.

شێرکۆ بێکەس کێیە؟

ساڵی 1940 فایەق بێکەس کوڕێکی لەدایک دەبێت. ئەوکات باوکی نەیدەزانی ئەدەبیاتی کوڕەکەی دەتوانێت زۆر پێش ئەدەبیاتی خۆی بکەوێت. ساڵان هات و رۆیشت و شێرکۆ بێکەس وای کرد ناوی فایەق بێکەسی باوکی بەهۆی ئەوەوە زیاتر بناسرێت و ببیسترێت.

شێرکۆ بێکەس نەک تەنیا لە ئەدەبیاتی کوردیدا، بەڵکو لەناو گەلانی تریشدا ناسرا و ساڵی 1987 یەکێک لە گرنگترین خەڵاتە ئەدەبییەکانی وڵاتی سوید و جیهانی وەرگرت، کە ئەویش خەڵاتی تۆخۆڵسکی بوو بۆ شیعر.

لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، شێرکۆ بێکەس لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێیدا گروپی روانگەیان دروستکرد و بوونە رەوت و دەنگێکی نوێی شیعری کوردی.

دامەزرێنەری دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بوو کە تا ئێستا لە کارکردن بەردەوامە.

ساڵی 2009 کۆی بەرهەمەکانی لە هەشت هەزار لاپەڕەدا چاپ کرد و دواتریش چەند دیوانێکی دیکەی نووسی. “یادەوەری پاسکیلێکی کەرکوکی” دوایین دەقی ئەو بوو، کە مەرگ رێگەی نەدا تەواوی بکات.

شێرکۆ بێکە لە رەوتی رۆشنبیری، شۆڕش و بەرگری لە دەنگی ئازاد و ئازادی لە پێشەوەی هێڵەکەدا بوو. شاعیرێکی نوێخواز و مرۆڤدۆست و بەرگریکارێکی بەهێزی مافی ژنان بوو.

نووسەری نووسینەوەی ئازارەکانی کوردبوون

بە بڕوای نووسەران و رەخنەگرانی ئەدەبی، شێرکۆ بێکەس تاقانە نووسەرێکە کە توانیویەتی ئازارەکانی کوردبوون لە دەقە هونەرییەکانیدا جێگە بکاتەوە و گەورەیی ئازارەکان بە تەواوەتی بەرجەستە بکات.

چامەکانی بۆ هەڵەبجە و ئەنفال و کۆڕەو و بەدبەختییەکانی کورد لەوپەڕی ئاستی بەرزی هونەری شێعریدان و بوونەتە مانیفێستی ئازاری گەلێک، کە زیاتر لە سەدەیەکە بە چەندان شێوازی جۆراوجۆر دەچەوسێندرێتەوە.

ئەو شاعیرێک بوو، لە رێگەی بە قسەهێنانی دار و بەرد و پەت و کورسی و هەموو شتە بێگیانەکانەوە، بەسەرهاتە دڵسوتێنەرەکانی کوردی دەگێڕایەوە و هەر ئەویش بوو داوای لە خوا کرد، لە بەرامبەر ئەو هەموو نەهامەتییەی بەسەریدا هاتووە خەڵاتی نۆبڵ بە کورد ببەخشێت.

شێرکۆ بێکەس شاعیری بەرگری و شاعیری حەماسەت بوو، بەڵام لە هەمانکاتدا شاعیری جوانی و عەشق و خۆشەویستیش بوو.

چۆن دەینووسی؟

شێرکۆ بێکەس هەتا نووسینی دوا وشەکانی کۆتا چامەکەشی، بە قەڵەمی دار دەینووسی و لاستیکی خەتکوژاندنەوەشی بەکاردەهێنا. وەک خۆی لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت، حەزی لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و کۆمپیوتەر نەبووە بۆ نووسینەکانی، چونکە دەیوت، لەگەڵ جوڵاندنی دەستی و نووسینی وشەکاندا کانیاوی دەربڕین و وشەکان لە مێشکیدا دەتەقن و لە رێگەی قەڵەم دارەکەیەوە دەڕژێنە بەردەم کاغەزەکەی بەردەستی.

ئەو خۆ دەڵێت زیاتر بەیانیان دەینووسی، بەڵام لە هەموو سات و کاتەکانی تریشدا نووسیویەتی و جار هەبووە نیوەی شەو خەبەری بووەتەوە و راستەوخۆ دەستی کردووە بە نووسین.

ئەو خۆی دەڵێت، وەک چۆن باران هەموو بارینێکی جوان نییە، شیعرەکانی ئەویش بەهۆی زۆرنووسینەوە هەندێ شیعری خراپیان تێکەوتووە. لە کتێبی یاداشتەکانیشیدا “نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش”، بە وردی لەسەر ئەو شیعرانە قسەی کردووە، کە بۆ سەرکردە و بۆنە سیاسییەکان نووسیویەتی و دەڵێت، “ئەگەر ئەوکاتە وەک ئێستا بیرم بکردایەتەوە بەشێکی زۆری ئەو شیعرانەم نەدەنووسین”.

مردن و وەسیەتنامەکەی

ئەو شاعیرە لە شاری سلێمانی کێشە بۆ دەنگەژێکانی دروست دەبێت. مانگی چواری 2013 دەبرێتە وڵاتی سوید و دەردەکەوێت شێرپەنجەی سییەکانی هەیە. سەرەڕای وەرگرتنی چارەسەر، دوای سێ مانگ و 13 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات و ئەدەبیاتی کوردی یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی دەکەوێت.

بەر لە مردنی، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا وەسیەتنامەیەک رادەگەیەنێت و دەڵێت، کە دەیەوێت لەناو پارکی ئازای بەخاک بسپێردرێت، سەر گۆڕەکەی بکرێت بە رێستۆرانت و کافێ و بە دەنگی حەمەساڵح دیلان و عەلی مەردانەوە کچ و کوڕی دڵدار بچنە سەر گۆڕەکەی و رازی دڵی خۆیان بۆ یەک بدرکێنن.

ئەو پێیخۆش بوو دوای خۆی لەو سەروەتوسامانەی جێیدەهێڵێت خەڵاتێکی ساڵانەی شیعر بەناوی خۆیەوە ئامادە بکرێ و بدرێت بە باشترین دیوانی شیعری ساڵ.

بەڵام دوای 10 ساڵ تێپەڕین بەسەر گیانلەدەستدانیدا، تا ئێستا تەنیا ئەو بڕگەیەی وەسیەتنامەکەی جێبەجێ کراوە، کە لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی بە خاک سپێدراوە و روون نییە بڕگەکانی تری وەسیەتەکەی جێبەجێ دەکرێن یان نا.

هەر لەو چاوپێکەوتنەدا، شێرکۆ بێکەس دەڵێت، “لەو دونیا ئەوەی من دەمەوێت لە جەهەندەمە، هاوڕێکانم، کتێب، ژنی جوان، جگەرە و ئەلکحول، بۆیە من بچمە بەهەشتی چۆڵ و هۆڵ چی بکەم؟”.

ئەمڕۆ هەینی 4.8.2023، ماوەی 10 ساڵ بەسەر گیانلەدەستدانی ئەو شاعیرە گەورەیەی کورددا تێپەڕ دەبێت. شاعیرێک کە وەک کانی شیعری لێ هەڵدەقوڵا.