پەرلەمانی عێراق لە بارەی حەجکردنی ئەندامانی روونکردنەوە دەدات

“تەنیا 29 پەرلەمانتار حەج دەکەن”

ئەرسەلان عەبدوڵا

پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، تەنیا 29 ئەندامیان دەچنە حەجی ئەمساڵ و ئەو ژمارە زۆربەی لە میدیاکان باس دەکرێت، راست نییە.

فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، شەوی رابردوو لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، لە کاتێکدا کە ژمارە و زانیاری نادروست لە بارەی ژمارەی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی نوێنەران کە بەشدارن لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا بڵاوکراونەتەوە، دووپاتی دەکەینەوە کە ژمارە دروستەکە تەنیا (29) پەرلەمانتارە، بەشێکیان ئەندامی لیژنەی ئەوقافی پەرلەمانن و بە ئەرکێکی فەرمی نێردراون بۆ بەدواداچوونی کاروباری حاجیانی عێراقی و رێکارە رێکخراوەییەکانی تایبەت بە وەرزی حەج، بەشەکەی تریشیان مەرجەکانی حەجیان تێدابووە و پێش ئەوەی ببنە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، ناوەکانیان لە تیروپشکی فەرمیدا دەرچووە.

پەرلەمانی عێراق دەشڵێن، “هەروەها روونی دەکەینەوە کە ئەو ژمارانەی لە هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستاودەستیان پێ دەکرێت، پشت بە زانیاری فەرمی نابەستن، بۆیە داوا دەکەین وردبن و تەنیا پشت بەو داتایانە ببەستن کە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەردەچن، ئەمەش لەپێناو رێزگرتن لە رای گشتی و پەرۆشیمان بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی دروست”.