لۆگۆی تێلیگرام لەسەر کیبۆرد دەرکەوتووە
زیاتر لە مانگێکە وەستێندرابوو
تێلیگرام لە عێراق دەست بەکار دەکاتەوە
ئەرسەلان عەبدوڵا
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە عێراق، دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزاری ئەپڵیکەیشنی تێلێگرامی لە سەرتاسەری عێراق راگەیاند، ئەوەش دوای بەڵێنەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئەپڵیکەیشنی تێلیگرام، بە پابەندبوون بە مەرجە رێکخراوەکان بەپێی بڕگەکانی فەرمانی یاسایی ژمارە 65ی ساڵی 2004.
دەستەکە ئەمڕۆ شەممە راگەیاندراوێکی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێن، داواکارییە فەرمییەکان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەپلیکەیشنەکە کرابوون، لەوانە کۆمەڵێک مەرجی رێکخراوەیی پەیوەست بە ناوەڕۆک و پاراستنی تایبەتمەندیی بەکارهێنەران، هەروەها پابەندبوون بە یاسا کارپێکراوەکانی عێراق.
هەروەها ئاماژە بەوەدەکەن، خزمەتگوزارییەکە لەسەر بنەمای ئەم بەڵێنانە گەڕێنرایەوە، لە کاتێکدا دەستەکە بەردەوامە لە چاودێریکردنی مەیدانی بۆ پشتڕاستکردنەوەی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرجەم پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا کە لە عێراق کاردەکەن، پابەندن بە پابەندبوون بە تەواوی یاسا کارپێکراوەکان بەبێ جیاوازی، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و ئاسایشی زانیاری نیشتمانی.
هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن، هەر کە وەزارەتی پەیوەندییەکان رێکارە تەکنیکییە پێویستەکانی لە رێگەی دەروازە پەسەندکراوەکانی چوونە ژوورەوە تەواو کرد، کارکردنەوەی ئەپڵیکەیشنەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
مانگێک زیاتر لەمەوبەر عێراق کارکردنی ئەپلیکەیشتنی تێلیگرامی راگرت، هاوکات ئەمە جاری یەکەم نییە و پێشتریش لە ئابی 2023 عێراق کارکردنی ئەپەکەی راگرت بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی.