پێشتر زیانی پێگەیاندبوو

پردەکەی خەسرەوخاڵ بە شۆفێری بارهەڵگرەکە چاککرایەوە

964+

پێشەوا محەمەد

پردەکەی خەسرەوخاڵی سلێمانی بە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلی کرێنە چاککرایەوە، کە ئێوارەی چوارشەممەی رابردوو 2.8.2023 زیانی پێگەیاندبوو.

ئۆتۆمبێلەکە بەشێک لە ئەلیکۆبۆنی سەرەوەی پردەکەی لێکردبووەوە، شارەوانی سلێمانیش لە رێگەی بانگەوازێکەوە شۆفێرەکەی ئاگادار کردبووەوە و “ئەویش چووبوو بەدەم جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکانەوە”.

بە وتەی زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی کە بۆ 964 قسەی کردووە، هەر کەسێک زیان بە رووبەری گشتی بگەیەنێت دەبێت چاکی بکاتەوە.

“ئەگەر بێت و ئەو کەسە نەیەت بەدەم چاککردنەوەی ئەو زیانەی دەیگەیەنێت سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت”، زەردەشت رەفیق وادەڵێت.