48 کاتژمێری دیکە دەرفەتە

زانکۆلاین درێژکرایەوە؛ 70%ی دەرچووان داواکارییەکانیان پێشکەش کردووە

ئەحمەد مستەفا

لە کاتێکدا نزیکەی 70%ی دەرچووانی ئەمساڵ داواکارییەکانیان لە سیستەمی زانکۆلاین تۆمار کردووە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری داوە ماوەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە 48 کاتژمێری دیکە درێژ بکاتەوە.

بەپێی راگەیاندنی وەزارەت، ئەم بڕیارە بۆ ئەو دەرچووانەیە کە هێشتا فۆڕمی زانکۆلاینیان پڕ نەکردووەتەوە یان پڕکردنەوەکەیان تەواو نەکردووە، بۆ ئەوەی دەرفەتێکی زیاتر بۆ تەواوکردنی پرۆسەکەیان هەبێت.

بەم بڕیارە، دەرچووانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی تا کاتژمێر 12:00ی شەوی شەممە، 26 ئەیلولی 2026دەرفەتی پڕکردنەوە و تەواوکردنی فۆڕمی زانکۆلاینە.

وەزارەت روونی کردووەتەوە کە دەرچووانی خوێندنگە نێودەوڵەتی و پیشەییەکانیش دەتوانن لەم دەرفەتە سوود وەربگرن و لە ماوەی 48 کاتژمێرەکەدا فۆڕمەکانیان پڕ و تەواو بکەن.

خوێندنی باڵا دەڵی، چیدی ماوەی زانکۆلاین درێژ ناکرێتەوە، بۆیە داوا لە هەموو ئەو دەرچووانە دەکرێت کە هێشتا فۆڕمەکانیان تەواو نەکردووە، لەم 48کاتژمێرەدا پەلە بکەن و پرۆسەی داواکارییەکانیان تەواو بکەن.