
ستار عه‌بدوڵلا له پێش په‌یكه‌ره‌كه‌ی وه‌ستاوه...فۆتۆ: سۆشیال میدیا
په‌یكه‌رێك بۆ شێخی وه‌رزشوانانی كه‌ركوك دانرا
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر
له كه‌ركوك په‌رده له‌سه‌ر په‌یكه‌ری ستار عه‌بدوڵڵا، وه‌رزشوان و میدیاكاری دێرینی كورد لادرا، كه به شێخی وه‌رزشوانان ناسراوه و له ژیاندا ماوه.
له بۆنه‌یه‌كی وه‌رزشیدا له كه‌ركوك، ئێواره‌ی یه‌كشه‌ممه ١١ی كانوونی یه‌كه‌م، په‌یكه‌رێك بۆ ستار عه‌بدوڵڵا، مامۆستا و وه‌رزشوانی دێرین و میدیاكاری ناسراو له باره‌گای نوێنه‌رایه‌تی لیژنه‌ی ئۆڵمپیی كه‌ركوك دانرا، كه له هه‌مان كاتدا باره‌گای یانه‌ی وه‌رزشی سۆلاڤیشی لێیه.
حه‌ربی خالید سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تیی كه‌ركوكی لیژنه‌ی ئۆڵمپی به 964+ی وت: دروستكردنی په‌یكه‌رێك بۆ مامۆستا ستار عه‌بدوڵڵا، بچووكترین خزمه‌ته بۆ ئه‌م پیاوه‌ی، كه هه‌موو ژیانی خۆی له خزمه‌تی وه‌رزشی شاری كه‌ركوك خه‌رج كردووه”.
وتیشی “په‌یكه‌ره‌كه له‌سه‌ر پێشنیار و له‌سه‌ر ئه‌ركی ره‌زا حاجی فایه‌ق سه‌رۆكی یانه‌ی شۆریجه دروست كراوه و له لایه‌ن په‌یكه‌رساز مانی ئه‌حمه‌د دروست كراوه.

ستار عه‌بدوڵڵا ناودارترین وه‌رزشوانی كوردی شاری كه‌ركوكه، ئه‌و وه‌رزشوان، مامۆستا و میدیاكاری وه‌رزشی بووه، یه‌كه‌م كه‌س بووه به‌رنامه‌ی وه‌رزشی له كه‌ناڵی كه‌ركوك له ساڵانی هه‌شتاكان پێشكه‌ش كردووه و كۆمێنتاری بۆ یارییه‌كان كردووه.
خزمه‌تێكی زۆریان كردووه و هێشتا له ژیاندا ماون
“ستار عه‌بدوڵڵا یه‌كێكه له ده‌گمه‌نترین وه‌رزشوانانی كه‌ركوك، كه خزمه‌تێكی زۆریان كردووه و هێشتا له ژیاندا ماون، خۆشه‌ویستی وه‌رزشوانانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی كه‌ركوكه به‌بێ جیاوازی، چونكه خزمه‌تی هه‌مووانی كرده‌وه” حه‌ربی خالید وای وت.
ستار عه‌بدوڵڵا له‌دایكبووی ١٩٤١ی گه‌ڕه‌كی ئیمام قاسمی شاری كه‌ركوكه و هێشتا له ژیاندا ماوه، له ساڵی ١٩٦٩ یه‌كێك بووه له دامه‌زرێنه‌رانی یانه‌ی وه‌رزشی سۆلاڤ، وه‌ك مامۆستای وه‌رزشیش ساڵانێك خزمه‌تی كردووه، دواتر وه‌ك یاریزان، ناوبژیوان، راهێنه‌ر و سه‌رۆكی یانه، تا خانه‌نشین بووه هه‌ر له بواری وه‌رزشدا كاری كردووه.