ماڵئاوایی کرد

کونسوڵی ئەمریکا لە بارەی خەڵکی کوردستانەوە چی وت؟

964+

فەهمی نەبی

کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، لە زانکۆی ئەمریکی لە شاری سلێمانی وتاری ماڵئاوایی لە ئەرکەکەی پێشکەش کرد و وتی، بەردەوام دەبین لەسەر هاوکاری لۆجستی و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و گەرموگوڕی خەڵکەکەی و خواردنە خۆشەکانی کورد باشترین ئەزموونن.

ئەمڕۆ پێجشەممە، ئێرڤن هێکس دوای ساڵێک لە دەستبەکاربوونی وەک کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، لە دوا وتاریدا وتی، “لە کاتێکدا خۆم ئامادە دەکەم بۆ جێهێشتنی هەولێر، ئەمەش دوای ساڵێکی پڕ بەرهەم بوو لەگەڵ هاوڵاتیان و ئێوە، میواندارییە جوانەکان و خاکە جوانەکەی کورد و گەرموگوڕی خەڵکەکەی و خواردنە خۆشەکەی، وایکرد ئەم ئەزموونەم لە کاری دیپلۆماتی ببێتە باشترین”.

کونسوڵی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی دەڵێت، بە هاوبەشی لەگەڵ 15 کونسوڵی دیکە، کە هاوبیرمانن لەسەر دیموکراسی، رێگەیەک رەخسا بۆ کۆبوونەوە و هاودەنگ بوون لەسەر چەندین بابەت لەوانە، مافی مرۆڤ، یەکسانی جێندەری، لێبوردنی ئاینی، مامەڵەی یەکسان لەگەڵ پێکهاتەکان و ئازادی رۆژنامەگەری، بازرگانی و نەوت و گاز، ئەم شێوازی یەک بۆچوونە پێی دەوترێت CGCG (تیمی هەماهەنگی کونسوڵخانەکان)”.

ئەو بەخشینانەی کونسوڵی ئەمریکا باسی لێکرد، کە لە ماوەی ساڵی رابردوودا، ئەمریکا بەخشیویەتی بە هەرێمی کوردستان، لە چەند بوارێک بوون، لە بارەی یارمەتیەکانیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، ئێرڤن هێکس دەڵێت، “ئێمە پابەندین بە پاڵپشتی لۆجستی و راهێنان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، لەم رووەوە ناوەندێکی لۆجستیمان لە سلێمانی کردووەتەوە، هاوکات بۆ یەکەمینجار دوو بارەگامان بۆ دوو فەرماندەییەکە دامەزراندووە، ئەمەش لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەیە”.

یەکێکی دیکە لەو دەستکەوتانەی کونسوڵی ئەمریکا لە وتاری ماڵئاواییدا باسی لێوە کرد، کردنەوەی نەخۆشخانەی سووتان بوو لە شاری سلێمانی، کە لە مانگی 11ی ساڵی رابردوودا کراوەتەوە.

بە وتەی کونسوڵی ئەمریکا، تیمەکانی کونسوڵخانە راهێنانیان پێشکەشکردووە لە بارەی بەدیجیتاڵکردنی بەڵگەنامە شوێنەوارییەکان، ئەمەش لە پێناو رێکخستنی تۆماری دیجیتاڵی، لەم رووەوە توانراوە سێ هەزار و 200 بەڵگەنامە بەدیجیتاڵ بکرێت لە باکووری عێراقدا.

کونسوڵی ئەمریکا دەڵێت، یەک ملیۆن و 400 هەزار دۆلارمان خەرجکردووە بۆ کردنەوەی سێ تاقیگەی زانیاری تەکنەلۆژی بە سیستمی سیسکۆ لە سێ زانکۆی پۆلیتەکنیکی لە هەرێمی کوردستان.

کونسوڵی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی دەربڕیووە بەوەی لە ساڵی 2024 کۆمپاوندی کونسوڵخانەکەیان تەواو دەبێت (مەبەست شوێنی کونسوڵخانەی نوێیە لە رێگای پیرمام).

ئێرڤن هێکس، لە 1.8.2022 وەک کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر دەستنیشانکرا، دوای ساڵێک کۆتایی بە ئەرکەکەی هێنا لە هەرێمی کوردستان.

بە پێی ئەو زانیارییانەی ماڵپەڕی بالیۆزخانەی ئەمریکا لەسەر ژیاننامەی ئێرڤن هێکس جونیەر نووسیویەتی، دوو بڕوانامەی ماستەری هەیە، یەکێکیان لە بواری یاسا و دیپلۆماسییە و ئەوەی دیکەیان لەبارەی دیراساتی ئاسایشی نەتەوەییە لە کۆلیژی سەربازی، بەر لەوەی ببێتە کونسوڵی هەولێر، راوێژکاری باڵا بووە لە نووسینگەی نێودەوڵەتی تایبەت بە کاروباری مادەی هۆشبەر و چەسپاندنی یاسا لە جیبۆتی، پێشتریش جێگری کونسوڵ بووە لە نواکشۆتی پایتەختی مۆریتانیا.