کونسوڵخانەی ئێران لە نەجەف:
“داخستنی فڕۆکەخانەی نەجەف بەڕووی فڕۆکەکانمان کۆمەڵێک پرسیار دروست دەکات”
964+
شۆڕش قادری
کونسوڵخانەی ئێران لە نەجەف رەخنە لە بڕیاری داخستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی پارێزگاکە بەڕووی فڕۆکە ئێرانییەکاندا دەگرێت و دەڵێت، ئەو بڕیارە کۆمەڵێک پرسیار دروست دەکات.
کونسوڵخانەی ئێران لە نەجەف لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، “فڕۆکەخانەی نەجەف کە مەزارگەی یەکەم ئیمامی شیعەکانی لێیە، بەڕووی گەورەترین وڵاتی شیعەی جیهاندا داخراوە، ئەوەش کۆمەڵێک پرسیار دێنێتە ئاراوە”.
سەرچاوەیەک لە ئیدارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف بە بەشی عەرەبی 964ـی راگەیاند، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە ئێرانەوە بۆ نەجەف و بەپێچەوانەوە، بە بڕیاری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات.
چەند رۆژ پێش و بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا، فڕۆکەخانەی بەغدای پایتەخت، بەڕووی فڕۆکەکانی ئێران داخرا، دواتر فڕۆکەخانەی نەجەف کرایە جێگرەوە و فڕۆکەکانی ئێران لەوێ دەنیشتنەوە، ئەمڕۆ ئەو فڕۆکەخانەیەش داخرا و پەکیان کەوت.
دواتر هێڵی فڕۆکەوانی ئێران رایگەیاند، دوای داخستنی فڕۆکەخانەی نەجەف بەڕووی فڕۆکەکانیان، داوایان لە کۆمپانیاکان کردووە، لەمڕۆوە فرۆشتنی تیکتی گەشتی ئاسمانیی بۆ عێراق تا کاتێکی نادیار رابگرن.
ئەو گەشتیارانەش کە پێشتر تیکتیان کڕیوە، دەبێ قەرەبوو بکرێنەوە و پارەی تیکتەکانیان بێ کەموکوڕی بۆ بگەڕێندرێتەوە.