61 منداڵ چوونەتە دەرمانخانەکان
لە فەرمانبەرانی هەولێر ژەهراوی بوون روویداوە و دەڵێن: خەتای لەفە بووە
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر، دوای سکاڵای هاوڵاتییان لەسەر گومان لە ژەهراویبوونی خواردن و گومان کردن لە لەفەیەکی گەڕەکەکەیان کە سینگی مریشکی فرۆشتووە، شوێنەکە راگیراوە و خاوەنەکەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەکرێ.
پەیامنێری 964 چووە گەڕەکەکە، لەوێ سەردانی پێنج دەرمانخانەی کرد و بەگوێرەی زانیارییە بەردەستەکان، 61 کەس بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی سەردانی دەرمانخانەکانیان کردووە و زۆرینەی خەڵک دەڵێن لەفەکە ژەهراوی بووە و ئەو منداڵانەشیان لێیان خواردووە.
لە چوارچێوەی رێکاری لێکۆڵینەوە، لیژنەکانی قایمقامیەتی هەولێر خاوەن عارەبانەکەیان بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ خۆیان بردووە، فەرهاد جەعفەر، براى خاوەن عارەبانەکەیە ئەو بە 964ی وت، تا دوو رۆژ پێش ئێستا خۆشی لە لەفەکەی خواردووە هیچ کێشەیەکی نەبووە، نازانن هۆکار چییە خەڵک و بەتایبەت منداڵان توشی سکچوون و رشانەوە بوون.
ئەو برایەی خاوەن لەفەکە دەشڵێ، کەسی نزیکی خۆشیان توشی سکچوون و رشانەوە و ئازار هاتوون دوای ئەوەی لەفەکەیان خواردووە، لەبارەی شوێنی ئامادەکردنی خواردنەکە ئەو باسی لەوەکرد، خۆی ئامادەی ناکات و شاورمەکەی بە ئامادەکراوی پێ دەگات.
هەروەها کەسێکی تر کە براکەی تووشی نەخۆشی بووە، لەگەڵ باوکێک کە دەڵێت حەوت کەس لە ماڵەکەیان تووشی ژەهراویبوون بوون، لێدوان دەدەن.
بەپێی زانیارییەکان، لە دوێنێوە نیشانەکانی وەک سکچوون و رشانەوە، بە تایبەتی لەنێو منداڵاندا، زیاتر دەرکەوتوون لە ناوچەکەدا، وە لەوێ لەفەی سینگی مریشک فرۆشراوە و هێشتا هۆکاری رووداوەکە بە شێوەی فەرمی دیاری نەکراوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا