دادگای فیدراڵی: هەڵوەشاندنەوەی بڕیارى پاشەکەوتى موچە کاری ئێمە نییە

هاوبەش ئەبوبەکر

دادگای فیدراڵی عێراق ئەو داوایەی رەتکردەوە، كە لە دژی بڕیارێکی حکومەتی هەرێم تۆمار کرا بوو، بەوەی پاشەکەوتی موچە بە “نادەستووری” لە قەڵەم بدات و دادگاكە دەڵێت، ئەوە ناچێتە ناو تایبەتمەندی دادگاکە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2.8.2023، دادگای فیدراڵی عێراق كۆبووەوە و تاوتوێی سکاڵایەکی کرد لە دژی بڕیارى ژمارە 61ـى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کە بووە هۆی لێبڕینی 21% لە موچەى فەمانبەران و خانەنشینانى هەرێمى کوردستان.

سکاڵاکارەکان داوایان کردبوو، کە جگە لەوەی ئەو بڕیارە بە “نادەستووری” لە قەڵەم بدرێت، حکومەتی هەرێم ناچار بە دانەوەی ئەو بڕە موچەیە بکرێت، کە پاشەکەوتی کردووە.

یەکەم موچەی فەرمانبەران کە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران پاشەکەوت کرا، موچەی مانگی ئەیلولی 2015 بوو.

پاشەکەوتی موچە و بڕینی موچە، لە 2015ـەوە تا 2021 بەردەوام بوو، جگە لە ساڵی 2019 نەبێت، لەم شەش ساڵەدا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان 43 موچەیان بە لێبڕینەوە وەرگرتووە و 12 موچەشیان بە تەواوەتی لێ پاشەکەوت کراوە.