سزاکەی بوو بە دوو ملیۆن

جوتیارە کوردەکەی کەرکوک بە ملیۆنێکی دیکەش سزا درا

کاروان ساڵحی – کەرکوک

جوتیارە کوردەکەی کەرکوک بە ملیۆنێکی دیکەش سزا درا و بڕی سزاکەی بوو بە دوو ملیۆن دینار.

محەمەد ئەمین نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان بە 964ـی وت، “کەمێک پێش ئێستا لەلایەن دادگای کەرکوک و لەسەر سکاڵای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکان بە پێبژاردنی یەک ملیۆن دینار سزا درام”.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ و لە هەمان دادگا، محەمەد ئەمین لەسەر سکاڵای ئەو سەربازەی بە ملپێچەکەی رایکێشا، سزای یەک ملیۆن دیناری عێراقی بەسەردا سەپێنرا.

رۆژی 17.2.2025 سوپای عێراق هێرشی كردەسەر ژمارەیەك جوتیاری كورد لە گوندی شەناغەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان، كە دەیانویست زەوییەكانیان بكێڵن، دواتر گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان جوتیارە کوردەکان و سوپای عێراق دروستبووە و سەربازێک هێرشی کردەسەر محەمەد ئەمین و لەسەر تراکتۆرەکەی بە ملپێچەکی ملی رایکێشا، بڵاوبوونەوەی ئەو دیمەنە لە سۆشیال میدیا کاردانەوە و ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و حکومەتی هەرێمی لێکەوتەوە.

دواتر نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان سکاڵای تۆمار کرد، بەڵام لەبری ئەوەی سەربازەکە بگیرێ، خۆی دەستگیر کرا و لە مانگی 3ـی 2025 بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازاد کرا.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری