سێ ئەندامی فیدراسیۆنی ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیلەکانی عێراق لقی سلێمانی .وێنە:سۆشیال میدیا
فیدراسیۆنێکی نوێ لە نێو وەرزشەکانی سلێمانی لە دایک بوو
یادگار محەمەد – سلێمانی
لە هەنگاوێکی نوێدا فیدراسیۆنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلەکانی عێراق لقی سلێمانی کرایەوە.
بەمەبەستی زیاتر گرنگیدان بە وەرزشی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلەکان لە نوێنەرایەتی سلێمانی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق، فیدراسیۆنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلەکانی عێراق لقی سلێمانی دامەزرا.
کامەران قادر محەمەد سەرۆکی لقی سلێمانی فیدراسیۆنی ناوبراو بە 964ـی وت، دامەزراندنی ئەم فیدراسیۆنە پێویستییەکی حەتمی بوو، چونکە لە ئێستادا ئەم یارییە هەوادارێکی زۆری هەیە.
وتیشی، پێشتر پێشبرکێی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلەکان بە شێوەیەکی ناڕێکخراو هەبوو، بەڵام ئەوان لە بەرنامەیاندایە بۆ داهاتوو پێشبرکێکان بە شێوەیەکی ئەکادیمی و سەردەمیانە رێکبخەن و ئەنجامی بدەن.
بڕیارە لە یەکەم دانیشتنیاندا فیدراسیۆنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلەکانی لقی سلێمانی، هەوڵبدەن پاڵەوانیەتییەکی کراوەی ئەم یارییە لەسەر ئاستی عێراق ئەنجام بدەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی