حاڵەتێکی سەیر لە ناو تاکسییەکانی هەولێر روویداوە

964+

ژووری هەواڵ

بەشێکیان بە شێوەیەکی کتوپڕ غەرامەی هاتوچۆیان لەسەر نەماوە

لە ناو شۆفێرانی تاکسی لە هەولێر قسەیەکی جدی بڵاوبووەتەوە دەڵێن لە هاتوچۆی هەولێر غەرامەیان لەسەر نەماوەو هەمووی رەش بووەتەوە.

ئەم قسەیە ئەمڕۆ سێشەممە بە گەرموگوڕی باسی لێوە دەکرێت، 964 قسەی لەگەڵ شەش شۆفێری جیاوازکرد، چوار لەوانە وتیان کە چوونەتە سەر لینکی غەرامەکانی هەولێر دەبینن هیچیان لەسەر نەماوە، بەڵام دوانیان وتیان تەماشایان کردووە هەر وەک خۆیەتی و غەرامەکە ماوە.

یەکێک لە شۆفێرەکانی وتی: پێشتر تەماشام کردبوو 170 هەزار دینارم لەسەربوو، بەڵام ئەم بەیانییە زوو کە هەواڵەکەم بیست چوومەوە سەری، سەیر دەکەم هیچی نەماوەو رەش بووەتەوە.

لەو پۆستانەش کە لە سۆشیال میدیا بڵاوبوونەتەوە زۆربەی هەرە زۆری شۆفێرەکان دەڵێن غەرامەیان لەسەر نەماوە.

هەندێ کەس لەناو هاتوچۆی هەولێرەوە دەیانوت هۆکارەکە ئەوەیە ساڵێکە ئەو سیستەمە راوەستاوەو کەس ناتوانێ بە ئۆنلاین غەرامەکەی بزانێت، بەڵام ئەم حەڵەتە رێی تێناچێت چونکە 964 چەند نموونەیەکی بینی هەتا دوو مانگ پێش ئێستاش غەرامە تۆمارکراوە.

فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە 964ی وت ئەو قسانە هیچی راست نییە، سیستەمەکە زۆر باش کار دەکات و 10 رۆژ جارێک ئەپدەیتی دەکەین، غەرامەی کەسیش رەش نەبووەتەوەو هەمووی ماوە.

حاڵەتێکی سەیر لە ناو تاکسییەکانی هەولێر روویداوە