تۆپەڵێک موو لە گەدەی کچێک دەرهێندرا

964+

فەهمی نەبی

لە نەخۆشخانەی شاری پارێزگای سلێمانی نەشتەرگەری بۆ کچێکی تەمەن 21 ساڵە کراوە، کە تۆپەڵێک موو لە گەدەی بووە.

ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، دوای گەیاندنی ئەو کچە بە نەخۆشخانەی شار، سەرەتا هەوڵدرا بە نازووری هەناوبینی مووەکە لە گەدەی دەربهێنرێت، بەڵام لەبەر ژمارەی زۆری مووەکان ئەوە نەکراوە و نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدراوە.

سامان شێخ لەتیف، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی سلێمانی بە 964ی وت، ئەو کچە بۆ ماوەیەکی درێژ مووی قژی خۆی خواردووە و دوای نەشتەرگەری ئێستا دۆخی جێگیرە.

“ئەو تۆپەڵە مووە شێوەی گەدەی نەخۆشەکەی وەرگرتووە، بە تەواوی گەدەی داخرابوو، ئەو رووداوە بە تەواوی دەگمەنە”، سامان شێخ لەتیف وای وت.

د.ئاراس کامەران، پسپۆڕی نەشتەرگەری هەناو بە 964ی وت، ئەو کچە لە زگماکی گرفتی دەروونی هەبوو، پێدەچێت چەند ساڵێک بێت قژی خۆی خواردبێت، ساڵێکە زوو زوو تووشی رشانەوە دەبوو، کەسیش نەیدەزانی مەسەلە چییە، دواتر دەرکەوت موو گەدەی بەتەواوی گرتووە.

964 زانیویەتی ئەم نەشتەرگەرییە سێ رۆژ بەر لە ئەمڕۆ بووە، بەڵام لەلایەن تەندروستی سلێمانی درەنگ بڵاوکراوەتەوە.