"بڕیارەکەمان بۆ باشتر خزمەتکردنی نەخۆشەکانە"

بەبێ فۆڕمی ئیحالە سەردانی نەخۆشخانەی رزگاری مەکەن

شۆڕش قادری

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر بە بێ فۆڕمی ئیحالە نەخۆش وەرناگرێت و بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەکە دەڵێن، ئەو بڕیارە تەنیا لە بەرژەوەندی نەخۆشە.

بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی نەخۆشخانەی رزگاری فێرکاری لە ئاگادارییەکدا دەڵێت، بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان و گرنگیدانی زیاتر بە تەندروستی هاوڵاتیان بە جۆرێک کە هەر نەخۆشێک بتوانرێت کاتی پێویستی بۆ تەرخان بکرێت لەلایەن پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لە بەشی راوێژکاریەکان، لەئێستادا ژمارەی نەخۆش بە پێی سیستەمی نوێ دیاریکراوە و هەربەشێک رۆژانە ژمارەیەکی دیاریکراو نەخۆش وەردەگرێت، ئەو ژمارەیەش بۆ ئەو نەخۆشانەیە کە (فۆرمی احالە) یان پێیە و هەر نەخۆشێک بە بێ فۆرمی  ئیحالە سەردانی نەخۆشخانە بکات ناتوانرێت پسولەی بینینی پزیشکی پێ بدرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو رێنماییە تەنیا لە بەرژەوەندی نەخۆشە و بۆ ئەوەی بتوانرێت بە باشترین شێوە خزمەتیان بکرێت.

نەخۆشخانەی رزگاری داوا لە هەموو هاوڵاتیان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکات هاوکاریان بن لە رێکخستنەوەی سەردانی نەخۆش بۆ بەشی راوێژکاری نەخۆشخانە کە ئەو سیستەمە لەهەموو وڵاتان جێبەجێدەکرێت، لە نەخۆشخانەکەش پێشتر هەبووە و جێبەجێ کراوە.

فۆرمی ئیحالە (احالە) چییە؟

هەر نەخۆشێک پێش ئەوەی سەردانی نەخۆشخانە فێرکارییەکانی وەکو نەخۆشخانەی رزگاری بکات پێویستە سەردانی نزیکترین بنکەی تەندوستی بکات کە لە ماڵی یان لە گەڕەکەکەی نزیکە، پزیشک لەو بنکەیە دەیبینێت و دواتر ئەگەر چارەسەرییەکەی لە رووی زانستی و پێداویستییەوە لەو بنکەیە بەردەست نەبوو، ئەوا پزیشکەکە فۆرمی ئیحالەی پێدەدات بۆ ئەو نەخۆشخانەیەی کە پزیشکەکە بۆی دیاری دەکات .