وەستایەکی لێزان و بەئەزموونی کەرکوک

پێشتر دەبابەی روسی چاک دەکردەوە ئێستا رادیۆ و تەسجیلی چینی و یابانی

کاروان ساڵحی – کەرکوک

مەنسوڕ حەسەن سەعید تەمەنی 71 ساڵە لە شاری کەرکوک لە دایک بووە و تاوەکو پۆلی دووی ناوەندی خوێندووە، هەر لە تەمەنی هەرزەکارییەوە خولیای چاکردنەوەی رادیۆ و تەسجیلی هەبووە.

بەڵام بەرێکەوت رێی کەوتووەتە بە کارگەی چاککردنەوەی دەبابە و نەیتوانیوە خوێندن تەواو بکات.

لە ساڵی 1973 وەک خۆبەخش دەبێت بە سەرباز لە ریزی سوپای عێراق، دوای 45 رۆژ لە مەشق و راهێنان لە شاری حللەوە دەگوازرێتەوە بۆ کارگەی چاکردنەوەی دەبابەی روسی بۆ ماوەی ساڵێک بەشداری خولی چاکردنەوەی دەبابەی پێدەکەن لەگەڵ پسپۆڕە روسییەکان.

ئەو لەگەڵ ئەوەی سەرقاڵی چاککردنەوەی دەبابە تێکشکاوەکانی جەنگ بوون، کاتێک بە مۆڵەت دەیتوانی بگەڕێتەوە ماڵەوە، رۆشتووە بۆ لای براکەی و کاری چاککردنەوەی رادیۆ و تەسجیلی کردووە و دەڵێ، سەیرم دەکرد و فێربووم .

مەنسوڕ حەسەن، باسی لەوەدەکات، 44 ساڵە لەو دوکانە کاردەکەم ئەو مێز و کورسیەی بەردەمم بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە و وێنەیەکی خۆشی وەک یادگاری نیشان دەدات، گەرچی دەڵێ، ئێستا وەک جاران بازاڕی چاککردنەوەی رادیۆ و تەسجیل باش نییە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا