لە سلێمانی 10 سەمون بە هەزار دینارە
964+
دیلان محەمەد جەزا
بەپێی بەدواداچوونی 964، لە سلێمانی 10 سەمون بە هەزار دینارە، لە هەولێر و دهۆک هەشت دانە بە هەمان بڕە پارەیە.
هەروەها لە سلێمانی لە هەندێک شوێنی کەم شەش نان دەدەن بە هەزار دینار، بەڵام لە زۆرینەی شوێنەکان هەشت نان بە هەزار دینارە، لە هەمانکاتدا لە هەولێر و دهۆک نانەواخانە هەیە چوار نان و هەیە شەش و هەیە هەشت نان بە هەزار دینار دەفرۆشێت.
964 دەزانێت، بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاودێری بازرگانی بەپێی کێشی گونکی هەویرەکە لەسەر نانەواخانەکانی هەژمار دەکات چەند نان و سەمون بە هەزار دینار بفرۆشن.
ئەوانەی شەش نان بە هەزار دینار دەفرۆشن دەبێت کێشی گونکەکانیان لە 130 بۆ 135 گرام کەمتر نەبێت، ئەوانەی هەشت نان بە هەزار دینار دەفرۆشن دەبێت کێشەکەی لە 90 بۆ 100 گرام کەمتر نەبێت.
هەروەها ئەو سەمونانەی 10 دانەی بە هەزار دینارە نابێت کێشی گونکەکەی لە 80 بۆ 90 گرام کەمتر بێت و ئەوانەیشی هەشت سەمون بە هەزار دینارە نابێت لە 90 بۆ 100 گرام کەمتر بێت.
بۆ ئەم بابەتە، 964 قسەی لەگەڵ سۆران غەفوور کرد کە بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانیە.
ئەو باسی لەوەشکرد، کە ئەگەر نرخی ئارد هەرزانتر ببێت، ئەو کاتە کێشی گونکەکان بە نانەواخانە و سەمونخانەکان زیاد دەکرێت، ئێستا نرخی یەک فەردە ئارد لە 25 بۆ 36 هەزار دیناردایە.