دوای بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ

تاکسیەکان بێ لۆگۆ دەسووڕێنەوە و سزاش نادرێن

964+
دیلان محەمەد جەزا

بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە 15ـی تەمموزەوە، هەر شۆفێرێکی تاکسی لۆگۆی وەرنەگرتبێت، بەبڕی 40 هەزار دینار سزا دەدرێت، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕیارە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

عەقید بەهمەن ئەحمەد بەڕێوەبەری هاتوچۆی ناو شاری سلێمانی بەشی رۆژئاوا بە 964ـی وت، تا ئەم ساتە بڕیاری سزادانی وەزارەتی ناوخۆیان پێنەگەیشتووە بۆ سزادانی ئەو تاکسیانەی هێشتا لۆگۆیان وەرنەگرتووە.

پێویستە لە وەزارەتی ناوخۆوە رێنمایی تایبەت بە هاتوچۆ بدرێت، بە شێوازی سزادانی ئەو تاکسیانەی لۆگۆیان وەرنەگرتووە.

لەسەر ئەم بابەتە سدیق محەمەد بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی بۆ 964ـی باسکرد، لێدانی لۆگۆ بۆ تاکسیەکان بەردەوامی هەیە و ژمارەیەکی زۆر لە شۆفێران رۆژانە سەردانیان دەکەن.

تا ئێستا زیاد لە 17 هەزار تاکسی لۆگۆی وەرگرتووە و پڕۆسەکە بەردەوامی هەیە.