ئاگاداری بریکارەکان کرا

هەر ماددەیەکی بەشەخۆراک خراپ بوو بیگۆڕن

ئەحمەد مستەفا

بازرگانیی خۆراکی لە سلێمانی ئاگاداری بریکارەکانی دەکات، هەر ماددەیەکی خۆراکی لەناو بەشەخۆراکی مانگانەدا بەکەڵکی خواردن نەهات نەیدەن بە هاوڵاتییان.

بازرگانیی خۆراک لە سلێمانی کە بەرپرسە لە رێکخستن و گەیاندنیبەشەخۆراک بە بریکارەکان ئەو ئاگادارییەی بڵاوکردووەتەوە.

بەپێی دەقی ئەو ئاگادارییە بێت، کە 964 بینویەتی، بریکارەکانی ناو شار و دەرەوەی شار ئاگاداردەکەنەوە، لەکاتی دابەشكردنی خۆراکی مانگانە، رەچاوی ماددەکان بکەن و هەر ماددەیەک دەرکەوت خراپە و بۆ خواردن نابێت، دابەشی نەکەن بەسەر هاوڵاتییاندا.

بازرگانی خۆراک، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ماددە خۆراکییەکە خراپ ببوو، بریکارەکان دەتوانن کۆمپانیای خۆراک ئاگاداربکەنەوە تاوەکو بۆیان بگۆڕن.