مەسرور بارزانی و تۆم باراک قسەیان کردووە

ئەمریکا هەنگاوەکەی هەرێمی بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە گرنگ زانیوە

فەرهاد حەسەن

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان لە باڵیۆز تۆم باراک نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا پێگەیشتووە و دەستخۆشی ئەم هەنگاوەی لێکردوون کە لەبەرامبەر هەناردەکردنی نەوتی عێراق داویانە.

سەرۆکی کحومەت دەڵێت “باڵیۆز تۆم باراک، سڵاو و رێزی سەرۆک ترەمپی پێگەیاندین و دەستخۆشی لێکردین بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی فیدراڵ لە پێناو هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تورکیاوە”.

ئاماژەیان بەوە دا کە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامە و تیمی هەرێمی کوردستانیشیان راسپاردووە ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی نەوت بکرێت لە پێناو بەرژەوەندی خەڵک لەم دۆخە سەختەدا.

دەشڵێت، ئەوەی پێویست بێت بۆ بەرژەوەندی گشتی دەیکەن و داواشیان لە ئەمەریکا کردووە کە بەردەوام بێت لە رۆڵی چاودێرانەی خۆی لە دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی پرسی گومرگ و ئابلوقەی بازرگانی .

هەردوولاش جەختیان لە سەر پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی بەردەوامی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە پێناو ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا کردووەتەوە.