سەدان کاتژمێر کارەبایان داوە

مۆلیدە ئەهلییەکان هاواریان لێ هەستاوە بۆ ئەم مانگە

964+

توانا نەقی

مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ ئەم مانگی تەمووزە سەدان کاتژمێر کارەباین داوە بە هاوڵاتیان و دەڵێن ئەم مانگە پارەش زیاتر وەردەگرن.

964 لەگەڵ لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی پارێزگاکانی هەرێم قسەیکردوو بڕی پێدانی کارەبایان بە هاوڵاتیان ئاشکارا کرد، تا ئەمڕۆ چوارشەممە کە بە تێکڕا رۆژانە لە 11 کاتژمێر زیاتر کارەبایان داوە.

قارەمان مەولود، سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە 964ـی وت، بۆ ئەم مانگە و تا ئەمڕۆ 370 کاتژمێر کارەبایان داوە بە هاوڵاتیان کە ئەو بڕە لە هەریەک لە دهۆک و سلێمانی زۆر زیاترە.

وتیشی، بەڕاستی کارەبای هەولێر زۆر خراپە و ئەگەر مۆلیدەکان نەبن حاڵی خەڵک خراپ دەبێت، “خەممان لێهاتووە چۆن بەخەڵک بڵێین ئەوەنە کارەبامان داوەو لە 13 هەزار زیاترمان بدەنێ بۆ هەر ئەمپێرێک”.

لە پارێزگای هەولێر بە پێی ئەو 370 کاتژمێرەی کە تائێستا مۆلیدەکان کارەبایان دابین کردووە بۆ هاوڵاتیان رۆژانە بە تێکڕا دەکاتە 14 کاتژمێر کارەبا کە لەم 26 رۆژە دابەشکراوە.

تارق محەمەد، سەرۆکی لیژەنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە 964ـی وت، تا ئەمڕۆ لەم مانگەدا 230 کاتژمێر کارەبای مۆلیدە دراوە بە هاوڵاتیان و لە چەند رۆژی داهاتوو دیاری دەکەیەن کە بۆ هەر ئەمپێرێک چەند پارە لە هاوڵاتیان وەردەگرن.

هەکار هروری، سەرۆکی لیژەنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە 964ـی وت، تا ئەمڕۆ 250 کاتژمێر کارەبایان داوە بە هاوڵاتیان، پێشبینی دەکەن نرخی هەر ئەمپێرێک بۆ سەری مانگ بگاتە 12 هەزار و 500 دینار بۆ 13 هەزار دینار و رەنگە زیاتریش.

هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی نرخی کارەبای سیتیەکانی دیاریکرد بە جۆرێک هەر کیلۆواتێک لە سیتییەکاندا نرخەکەی 274 دینار دەبێت، لە کاتێکدا مانگی پێشوو بۆ هەر کیلۆ واتێک 277 دینار بووە، نرخەکەش بە لەبەرچاوگرتنی نرخی گازوایل دیاریکراوە.