هێرشە موشەکی و درۆنییەکان بۆسەر کوردستان و شەڕە قسەی بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران بەردەوامە
لە شەو و رۆژی رابردوودا چی روویدا؟
هێرشەکان بۆسەر کوردستان و شەڕە قسەی بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران
964+
شۆڕش قادری
هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان بەردەوامە و دوێنێ سێ پێشمەرگەی دیکەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران شەهید بوون.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەر رۆژەو قسەیەک دەکات، دوێنێ وتی، رێککەوتن لەگەڵ ئێران زۆر نزیکە و هیچ خاڵێک نەماوە کە جێگەی ناکۆکی بێت، ئەمڕۆش دەڵێت، “تا چوارشەممە رێککەوتن نەکرێت بۆردومان دەستپێدەکاتەوە و یۆرانیۆمەکەی ئێرانمان دەوێت”.
کەناڵی سی بی ئێس لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، رەنگە رۆژی دووشەممە دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەستپێبکاتەوە.
محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران لە ئیسلام ئاباد و سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە قسەکانی ترەمپ بەدرۆ خستەوە و دەڵێت، “سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتژمێرێکدا حەوت بانگەشەی بڵاوکردەوە کە هەر حەوتیان درۆن، ئەگەر گەمارۆدانی دەریاییش بەردەوام دەبێت، گەرووی هۆرمز ناکرێتەوە”.
ئەم شەڕە قسەیە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ بەیانی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەهۆی ئاگربەستی لوبنان و راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە، بڕیاریانداوە گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی کەشتیگەلی جیهانی بکەنەوە.
دوێنێ لوتکەی پاریس بەبەشداری 30 وڵات بەڕێوەچوو کە بەشێک لە سەرکردەکان بە ئۆنلاین بەشداربوون، کۆبوونەوەکە بۆ ئەوە بوو، هێزێکی فرە لایەن پێکبهێنن بۆ پاراستنی ئاسایش و ئازادی بازرگانی لە گەرووی هورمز.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تورکیایە بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا و گفتۆگۆکردن لەباری پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، تا ئێستاش لەگەڵ چەند سەرۆک و سەرکردەیەک کۆبووەتەوە.
لە کەرکوک نرخی کیلۆیەک تەماتە گەیشتە سێ هەزار دینار، بەهۆی ئەوەی لە ئێرانەوە ناهێڵن بهێنرێت، بەقسەی جوتیارانی ناوچەکە تا مانگی پێنج، تەماتەی دووز و بەلەد و شێخان پێنەگات، نرخەکەی دانابەزێت.
دوێنێ هەینی کەشێکی لەباربوو بۆ سەیران و گەشت و لەهەموو ناوچەکانی کوردستان هاوڵاتیان روویان لە دەشت و دەر کردبوو، سەردانیکارانی سەیرانگای شەروێت لە دەڤەری پشدەر گلەییان لە نەبوونی خزمەتگوزاری هەبوو و دەیانگوت، وەک پێویست ئاوڕ لە سەیرانگاکە نهدراوهتهوه.
لە گەشت و سەیرانەکانی دوێنێ، سێ منداڵ لە رۆژئاوای موسڵ، ژنێک لە سۆران و دوو گەنج لە نزیک کەرکوک و گەرمیان لە ئاودا خنکان، تەرمی سەرجەمیان دەرهێندران و ڕادەستی خانەوادەکانیان کرانەوە.