قەرەبووکردنەوە لەبەرامبەر وەستاندنی جەنگ

بۆچی ئێران قەرەبووکردنەوەی وەکو مەرجێک بۆ وەستاندنی جەنگ لە دژی ئەمریکا و ئیسڕائیل داواکردووە؟

فەرهاد حەسەن

لەگەڵ بەردەوامی جەنگ کە ئەمڕۆ پێی ناوەتە 17 هەمین رۆژ، تاران مەرج و داواکاری نوێی بۆ راگرتنی جەنگەکە بۆ بەرامبەرەکانی داناوە، ئەویش وەرگرتنی قەرەبووە وەکو مافێکی خۆی، بۆ ئەو زەرەرو زیانانەی لە جەنگەکە پێی گەیشتووە.
ئێران دەڵێت، ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر خاکەکەی، دامەزراوە سەربازی و ژێرخانە جۆراوجۆراکانی بەشێوەیەکی فراوان کردوونەتە ئامانج، بۆ ئەمەش هەر قسەکردنێک لەسەر وەستاندنی جەنگەکە لەلایەن نەیارەکانییەوە بکرێت، پێویستە قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی لەگەڵدابێت.
بیرۆکەی (قەرەبووکردنەوە) لە جەنگەکاندا شتێکی نوێ نییە، کە ئێران ئەمجارە داوای کردبێت، بەڵکو رێچکەیەکی مێژوویی هەیە، بەهۆیەوە وڵاتە دژ بەیەکەکانی پابەندکردووە سزای پێبژاردن و قەرەبوو بدەنەوە ئەو زیانانەی بەهۆی جەنگەکان لێیان کەوتووە. ئەمەش بۆ دوای جەنگی جیهانی یەکەم دەگەڕێتەوە و یاسای نێودەوڵەتیش ئەم بابەتەی لە چوارچێوەی رێکەوتننامەی جنێف لە ساڵی 1949 جێکردووەتەوە، تیایدا گرنگی قەرەبووکردنەوەی بۆ وڵاتان بەهەند وەرگرتووە کە جەنگەکان دروستی دەکەن، کە ئەویش چەند شێوازێک لەخۆدەگرێت:
یەکەمیان (گەڕاندنەوە)
مەبەست لێی گەڕاندنەوەی سەروەت و سامان یاخود ئەو خاکەی دەستی بەسەرداگیراوە بۆ لایەنی بەرامبەر.
دووەمیان (قەرەبووکردنەوەی مادی) بەرامبەر ئەو زیانە ئابووریانەی کە بەهۆی جەنگەوە بەر ئەو ولاتە کەوتووە.
سێیەمیشیان، (گەڕاندنەوەی لایەنی مەعنەوی) وەکو داوای لێبوردنی فەرمی یاخود داننان بە بە هەڵە.
بێگومان مێژووی نوێ نموونەگەلێکی لەسەر ئەم بابەتە بۆ باسکردووین، لەوانەش داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە لەساڵی 1990 کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لایەنی عێراقی پابەندکرد بەپێی مادەی 687 قەرەبووی کوێت بکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش سندوقێکی تایبەتی بۆ دانا و لەداهاتی نەوتی عێراق پارەی زیانەکانی بۆ کۆکردەوە.
ئێساش پرسیار ئەوەیە، کە چۆن بابەتی قەرەبووکردنەوە بۆ نموونەیەکی ئێستای جەنگ بۆ وڵاتی ئێران جێبەجێدەکرێت، کە وەکو مەرجی راگرتنی جەنگ داوای کردووە؟
بۆ نموونە ئەگەر بەئامانجگرتنی دوورگەی (خارگ)ی ئێرانی بە نموونەیەک وەربگرین، دەردەکەوێت کە ئەم دوورگەیە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی بۆ وڵاتێکی وەکو ئێران هەیە و یەکێکە لە دەورازە سەرەکییەکانی داهاتی وزەی ئەم ولاتە و کە لە ساڵی 2024 داهاتەکەی گەیشتبووە 78 ملیار دۆلار.
ئەوەشمان بیر نەچێت، کە وڵاتێکی وەکو ئێران تۆمارێکی تایبەتی بۆ داواکردنەوەی قەرەبووکردنەوە هەیە، ئەویش بۆ جەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ عێراقدا کە زیانەکانی بە زیاتر لە یەک ترلیۆن دۆلار مەزەندە کردووە و وڵاتی عێراقی پێ قەرزدار کردووە.
هەروەها لەساڵی 2016 ش ئێران داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، لەبەرامبەر کردەوە و تاوانە دوژمنکارییەکانی کە لە ماوەی 63 ساڵی رابردوودا لە دژیدا ئەنجامی داون، بڕی 50 ملیار دۆلار، قەرەبووی بداتەوە.
نابێت جەنگی 12 رۆژەی ئێرانیشمان لەبەرامبەر ئەمریکا و ئیسڕائیل بیربچێتەوە کە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو روویدا و بە ملیۆنان دۆلار زیانی جۆراوجۆری بەجێهێشتووە.
کەواتە، کاتێک پرسی قەرەبووکردنەوە لەسەر مێزی سیاسی دادەندرێت، مەبەست تەنیا ئەوە نییە کە کێ دەبێتە براوە و سەرکەوتووی جەنگەکان، بەڵکو لەگەڵ ئەوەشدا ئەو لایەنەش دیاری دەکات کە پێویستە باجی ئەو جەنگە بدات کە کردوویەتی!