بەشێکی چیای ئەزمەڕ لە مین پاک نەکراوەتەوە
964
دیلان محەمەد جەزا
بەھۆی قەیرانەوە بەشێکی چیای ئەزمەڕ لە مین پاک نەکراوەتەوە، تا ئێستا تەنھا نزیکەی 51 ھەزار مەتری پاک کراوەتەوە.
چەوتەی B بەشێکی ماوە پاک بکرێتەوە لە مین و تەقەمەنی دەکەوێتە پشتی بورجی ئەزمەڕەوە، لە پلاندایە لە ساڵانی داھاتوودا پاکبکرێتەوە.
بەھۆی نەبونی بودجەی پێویست نەتوانراوە ئەو بەشەی ماوە پاک بکرێتەوە، شوێنی گرنگتر ھەبووە بۆ پاک کردنەوە، بۆیە ئەوێ پاکنەکراوەتەوە، ئەمە بە قسەی موحسین عەبدولکەریم بەڕێوەبەری گشتی مینی سلێمانی بە 964 وتوە.
لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا 206 ملیۆن مەتر چوارگۆشە ڕووبەری بە مین چێنراو ھەیە، لەو ڕێژەیە 106 ملیۆن مەتر چوارگۆشەی پاککراوەتەوە.
لە سەرجەم کوردستاندا نزیکەی حەوت ملیۆن مین چێندراوە و پشکی شێر بەر پارێزگای سلێمانی کەوتوە، ناوچەی پیسبو بە پلەی یەکپێنجوێن دێت و بە پلەی دووەم شارباژێڕ دێت.