دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا - وێنە؛ ئەرشیف
"ئەمە دوا دەرفەتە بۆ ئێران"
ترەمپ: لەسەر کردنەوەی تەواوەتی گەرووی هورمز گفتوگۆ لەگەڵ ئێرانییەکان دەکەین
شۆڕش قادری
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، لەسەر کردنەوەی تەواوەتی گەرووی هورمز گفتوگۆ لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران دەکەن و ئەمەش دوایین دەرفەتە بۆیان.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و وتی، لە ئێستادا و تاوەکو سبەینێ گفتوگۆ لەسەر کردنەوەی تەواوەتی گەرووی هورمز لەگەڵ ئێرانییەکان دەکەین، ئەمە دوا دەرفەتی ئێرانە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی باش”.
“هەرچەندە لەسەر هەندێک بابەت ناکۆکین بەڵام دانوستانەکان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن”، ترەمپ وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغی دووەمی گفتوگۆکان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی توانا ئەتۆمییەکانی ئێران دەبێت و هەرگیز هەڵوێستی خۆی لەو بارەیەوە نەگۆڕیوە.
ترەمپ وتیشی، ئێران ناتوانێت لە گەرووی هورمزدا باج بسەپێنێت و بۆ خۆیان کۆنتڕۆڵی دەریایی تەواوەتیان هەیە، هەرکاتێکیش ئیش و کاریان لەگەڵ ئێران بەکۆتا گەیشت، نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.
دووپاتیشیکردەوە، دانوستانەکانی ئەمجارە لەسەر داوای ئێران و بە پاڵپشتی سعودیە و ئیمارات و قەتەر و وڵاتانی دیکە بەڕێوەدەچن.
ئەم قسانەی ترەمپ لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هیچ دانوستانێکیان لەگەڵ ئەمریکا نییە و ئەوان تەنیا گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتی عومان دەکەن.