دیمەنێک لە پارکی ئازادی سلێمانی - وێنە: 964
لەمەودوا دەتوانیت لە پارکی ئازادی ماراسۆن بکەیت
964+
دیلان محەمەد جەزا
لە پارکی ئازادی سلێمانی رێڕەوی ماراسۆن و سێتی یاری زیاد دەکرێت، بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان بۆ وەرزشکردن سودی لێببینن.
پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی پارکی ئازادی دەستی پێکردووە، ئەوەی تیایدا ئەنجام دەدرێت زیادکردنی سێتی یاری و دروستکردنی شوێنی کۆبونەوە و چاکردنی سەوزایی و سیستمی رووناکییە.
عەلی حامید، وتەبێژی باخچەکانی سلێمانی بە 964 وت، لەناو پارکەکەدا رێڕەوی ماراسۆنی ماوە کورت دروست دەکرێت و زەویەکە مەتات دەکرێت.
ئێستا نۆژەنکردنەوەکە دەستی پێکردووە و لە چەند شوێنێکدا مێزی تێنس دادەنرێت، بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان چێژ لە کاتەکانیان ببینن.
نۆژەنکردنەوەی پارکی ئازادی وردە وردە دەبێت، لەبەر ئەوەی ناتوانرێت دابخرێت بە رووی ھاوڵاتیاندا.
پارکی ئازادی لە سلێمانی رووبەری 176 دۆنمە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی