"پێتان ناڵێم ئەمشەو چی روودەدات"

دوای ترەمپ جێگرەکەی هەڕەشە دەکات

شۆڕش قادری

دوای ترەمپ جێگرەکەی، جەی دی ڤانس هەڕەشە لە ئێران دەکات و دەڵێت، چەندین بژاردەمان لەبەردەستە، بەڵام پێتان ناڵێم ئەمشەو چی روودەدات.

کەمێک پێش ئێستا جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، “ئەگەر ئێرانییەکان بۆردومانی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بکەن، بە توندی وەڵامیان دەدەینەوە، سەرۆک ترەمپ چەندین بژاردەی لەبەردەستە سەبارەت بە ئێران، بەڵام بەڕوونی پێتان ناڵێم ئەمشەو چی روودەدات”.

“ئێران بەڵێنی دابوو کە چیتر کەشتییەکان نەکاتە ئامانج، بەڵام ئەوەی لە 24 کاتژمێری رابردوو روویدا ئەوە بوو کە دووبارە دەستیان بە تەقەکردن کردەوە”، ڤانس وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک ترەمپ بەڕوونی رایگەیاندووە کە گەرووی هورمز بە کراوەیی دەمێنێتەوە، ئەگەر ئێران هەوڵی داخستنی گەرووی هورمز بدات، لەلایەن ئەمریکاوە رووبەڕووی وەڵامێکی سەربازی توند دەبێتەوە.

ڤانس پێداگرە لەوەی کە یان دەبێت ئێران پابەندی بەڵێنەکانی بێت، یان ئەوەی بەسەر دێت کە شەوی رابردوو بەسەری هات.

درەنگانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئەمریکا هێرشی کردەسەر چەند بەندەرێک لە باشووری ئێران و دواتر سوپای پاسداران رایگەیاند، بە موشەک وەڵامی ئەو هێرشەیان داوەتەوە.

ئەو تەقوتۆقە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای توڕە کرد و ئەمڕۆ لە پەراوێزی لوتکەی ناتۆ لە تورکیا وتی، “ئێرانییەکان زۆر خراپ هەڵسوکەوت دەکەن، ئێمەش دوای ئەوەی کەشتیەکانیان لە گەرووی هورمز کردە ئامانج، بۆردومانمان کردن، رەنگە ئەمشەویش بەتوندی لێیان بدەینەوە”.