بە دوو رووداوی هاتوچۆ بوو
بنەماڵە بەخشندەکەی بنەسڵاوە دووەمجارە لە مردنی گەنجەکانیان خۆشدەبن
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
دوانیوەرۆی ئەمرۆ کاتێک (ئالان) بە ماتۆڕەکەی دەچووەوە سەر کار، لەسەر شەقامێکی هەولێر تووشی رووداوێکی هاتوچۆ دەبێت و دوای 20 خولەک گیان لەدەست دەدا، هەر ئەمڕۆش کەسوکارو بنەماڵەکەی لە شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلە خۆشبوون کە لەگەڵ ماتۆڕەکە رووداوەکەیان دروستکرد بوو.
بارزان حەسەن، ئامۆزای (ئالان) بە 964 ی وت، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە خەڵکی ئاکرێ بوو، راستەوخۆ دوای پرسەکە لێی خۆشبوون چونکە دەڵێت “رووداوەکە قەزا و قەدەر بووە”.
ئەوە یەکەمین ئەزموونی لێخۆشبوون نییە لەلایەن ئەم بنەماڵەیەوە، بەڵکو وەک بارزان باسیدەکات “ساڵی پاریش بەهەمانشێوە بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە گەنجێکمان لەدەستدا و راستەوخۆ لێیان خۆشبووین”.
ئەو گەنجەی ئەمڕۆ بەهۆی رووداوەکەوە گیانی لەدەستدا، ناوی ئالان سوبحی عوبێد، تەمەنی نزیکەی 17 ساڵ بوو، لە مارکێتێک کاری دەکرد و بە ماتۆڕەکەی رۆژانە هاتوچۆی سەر کارەکەی دەکرد، بارزان حەسەن هیوادارە هەموو بنەماڵەیەک ئەو بەخشندە و لێبووردەییەیان هەبێت کە بنەماڵەکەی ئەوان لەبەرامبەر گیانلەدەستدانی گەنجەکانیان هەیانبووە.
پێێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن