نەخۆشێکیان لە مردن رزگار کرد
لە نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر نەشتەرگەرییەک 7 کاتژمێری خایاند
شۆڕش قادری
بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی کۆڵۆنی هاوڵاتییەک، نەشتەرگەرییەکی قورس و ئاڵۆز بە حەوت کاتژمێر لە نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر بەشی فێرکاری ئەنجام درا.
راگەیاندنی نەخۆشخانەی رزگاری ساتی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، تیمێکی پزیشکی بەشی فێرکاری نەخۆشخانەکە توانیویانە بە نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆز و درێژخایەن کە لە کاتژمێر ( 9:00ـی شەوەوە دەستیپێکردووە و تا کاتژمێر 4:00ـی بەرەبەیان بەردەوام بووە)، ژیانی چارەخوازێک رزگار بکەن.
چارەخوازەکە بۆ ماوەی چوار رۆژ نیشانەکانی ریخۆڵەگیرانی هەبووە، دوای ئەنجامدانی پشکنین و تیشکی CT Scan ، دەرکەوتووە کە کۆڵۆن لە دوو شوێنی جیاواز سوڕاوەتەوە (Volvulus)، کە حاڵەتێکی زۆر دەگمەنە، هەروەها سکی چارەخوازەکە زۆر ئەستوور بووە، رشانەوەی هەبووە و بەهۆی قورسایی دۆخەکەوە ئەنجامی پشکنینی خوێیەکانی لەش نائاسایی بووە و کارکردنی گورچیلەکانیش کاریگەری لێ کەوتووەتەوە.
لەبەر مەترسی دۆخەکە نەشتەرگەرییەکی بەپەلە ئەنجام دراوە و بە سەرکەوتوویی بەشە زیان دیتووەکەی کۆڵۆن لابراوە، لە ئێستادا چارەخوازەکە لە ژێر چاودێری چڕدایە و دۆخی تەندروستیی بەرەو باشبوون دەڕوات.
ئەو تیمەی نەشتەرگەرییەکەیان کردووە، ئەم دکتۆرانەی خوارەوە بوون:
-د. دارا زیاد – پسپۆری نەشتەرگەری گشتی
– د. دلێر عەبدولڕەحمان – پسپۆری سڕکردن
– د. ساڤان لوقمان – پزیشکی دێرینی نەشتەرگەری
– د. فەیسەڵ مازن – پزیشکی دێرینی نەشتەرگەری
– شێرزاد قادر – یاریدەدەری پزیشک
-پەروانە عەمران – یاریدەدەری پزیشک
– ئاڵا جەنگی – یاریدەدەری سڕکردن
– گەزەنگ عەبدولڕەحمان – یاریدەدەری سڕکردن