عەرەبەت دەیەوێت ناوی تانجەرۆی لێبکرێتەوە. فۆتۆ: 964
“ئیتر بە عەربەت بانگمان بکەن”
ئەحمەد مستەفا
دوو ناو گرفتی بۆ خەڵک و نووسراوی فەرمانگەکانیش دروستکردووە، بەڕێوەبەری ناحیەکەیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە داوایکردووە ناو عەربەت بە فەرمی بچەسپێندرێت، کە بە گوێرەی نووسراو و خەڵکیش، هەندێک ناحیەکە بە تانجەرۆ و هەندێکی دیکە بە عەربەت ناودەبەن.
مێژووی دامەزراندنی ناحیەکە بۆ 1920 دەگەڕێتەوە، 2014 کە کۆتا ئاماری نافەرمی کرا، ژمارەی دانیشتووانەکەی 21 هەزار کەس بوون، ئێستا مەزەندە وایە بگاتە 25 هەزار کەس.
ئەمڕۆ سێشەممە، دابان محەمەد بەڕێوبەرەی ناحیەی عەربەت بە 964ی وت، نووسراوێکمان بۆ لایەنی پەیوەندیدار کردووە، تا داوا لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بکرێ لە نێوان ناوی (تانجەرۆ و عەربەت) ناوی عەربەت یەکلابکەنەوە.
بەوتەی دابان محەمەد بێت، لە کۆی 26 فەرمانگەی حکومی ناحیەکەیان تەنیا 5 دانەیان ناویان تانجەرۆیە، بۆیە دەیانەوێت لە سەرجەم فەرمانگە و نووسراوەکان و تەنانەت مامەڵەکانیشدا، ئیتر بە ناوی عەربەت-ەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.
ئامانجی ئەم کارە، دوو هۆکاری گرنگی لە پشتەوەیە، یەکەم کە ناوچەی تانجەرۆ لە ناو سەنتەری ناحیەی عەربەت نییە و دەکەوێتە سەر ماستەرپلانی سلێمانی، هەروەها ناحیەی عەربەت کە ناوی تانجەرۆیە، لە ناو سەنتەری ناحیەکەدایە، کە دەبێت یەکلابکرێتەوە و بکرێت بە عەربەت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی 964، بە نووسراوێک داوا دەکرێت لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا ناوی عەربەت، وەک تاکە ناو و سەرەکیی ناحیەکە بچەسپێنن.
ناحیەی عەربەت لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای ناوەندی پارێزگای سلێمانییە و نزیکەی 19 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری سلێمانییەوە دوورە و دەکەوێتە باشووری سەنتەری پارێزگاکە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا