یەکیان براى پارێزگارى سەڵاحەدینە
لە خورماتوو قوتابخانەیەک لە نێوان دوو بەڵێندەر گیرى خواردووە
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
لەسەر پارەخواردن و کێشەى نێوان دوو بەڵێندەر، 12 ساڵە دایباب و قوتابیانى گەڕەکى کۆمارى لە قەزاى خورماتوو، چاوەڕێى زەنگى قوتابخانەکەیانن، بەڵام تائێستا بە تەواونەکراوى ماوەتەوە.
بەقسەى دانیشتوانى گەڕەکەکە بێت، دەستیان لەسەر دڵنیانە منداڵەکانیان دەنێرن بۆ قوتابخانەى گەڕەکەکانى تر، بەتایبەت لە وەرزى سەرما و مەترسى ئۆتۆمبێل و سەگى بێلانە.
964 لەسەر ئەو بابەتە، پەیوەندى بە یاسین محەمە ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدینەوە کرد، وەک ئەوەى باسى دەکات لەسەر خەتن بۆ تەواوکردنى قوتابخانەکە و 90%ـى تەواو بووە، بەڵام تاکە رێگرى ئەوەیە کێشە کەوتووەتە ناو پڕۆژەکە لەنێوان ئەو دوو بەڵێندەرەی کە کارەکانیان پێکەوە ئەنجام داوە.
ئاشکراشى کرد، بڕی 35 ملیۆن دیناری بەڵێندەری دووەم کەوتووەتە لای بەڵێندەری پێشوو و بەو هۆیەوە کارەکان وەستاون و ئەو بەڵێندەرەی پارەکەی خواردووە، برای پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدینە کە ئێستا بە تۆمەتی تێوەگلان لە پرۆسەی گەندەڵی دەستگیر کراوە.
ئاماژەى بەوەشکرد کە ئەوان بەردەوامن لەهەوڵەکانیان و بەم نزیکانە کارکردن تێیدا دەستپێدەکات و بەزویی تەواو دەبێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح