دەستەیەکی سەرپەرشتیاری نوێ بۆ یانەی دەربەندیخان هەڵدەبژێردرێت
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
دەستەی کاتی سەرپەرشتیاری یانەی وەرزشی دەربەندیخان لە ئامادەکاریدایە بۆ هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێ بۆ یانەکە.
دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک و دەستەی کارگێڕی پێشووی یانەی وەرزشی دەربەندیخان، کۆمەڵێک لە وەرزشکاران و کەسانی نزیک لە یانەکە بەشێوەیەکی کاتی بەڕێوەی دەبەن.
عەدنان عزەدین سەرۆکی کاتی یانەی وەرزشی دەربەندیخان بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ یەکشەممە سەردانی بەرێوەبەراتی وەرزشی سلێمانیمان کردووە و رێنماییەکانی هەڵبژاردنیان وەرگرتووە، تا بە زووترین کات پڕۆسەی هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێ ئەنجام بدەین”.
یانەی وەرزشی دەربەندیخان ساڵی 1992 دامەزراوە و پێکدێت لە تیپی تۆپی پێی پێشکەوتوان و لاوان و تازەپێگەیشتوان، تیپی بالەی کوڕان و کچان کە لە هەردوو خولی نایابی کوردستان و عێراق یاریی دەکەن، تیپی باسکەی کوڕان و کچان کە لە خولی نایابی کوردستان و عێراق یاریی دەکەن، تیپی تۆپی سەرمێز کە لە خولی نایابی کوردستان و عێراق یاریی دەکەن.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد