تابلۆیەک دەروازەی چوونە نێو قەزای قەرەداغ بە خەڵک دەناسێنێ _ وێنە: 964
“گەرمای زۆر و کارەبا کەم”.
گوندەکانی قەرەداغ نیگەرانن و قایمقام لەرێگەی 964وە وەڵامیان دەداتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
ژمارەیەک گوندنشین لە قەرەداغ دەڵێن، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبایان کەمبووەتەوە، قایمقام دەڵێت بەرزی پلەکانی گەرما لە مانگەکانی تەمموز و ئاب کاریگەری دەکات لەسەر زۆربوونی خواست لەسەر کارەبا.
قەرەداغ خاوەنی 85 گوندە، لە شەو و رۆژێکدا کۆی پێدانی کارەبای نیشتمانی 12 کاتژمێر کارەبایە، ئەوەش لە کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ بۆ 12:00ی شەو.
بە تێکڕا بەرزترین پلەی گەرمی قەزاکە دەچێتە سەروو 40 پلە.
بەگوێرەی سۆراغی 964 گوندنشینانی، (باخی سەروو، ولیان، گوڕباز، ئەستێلی سەروو، دەرەویان، سۆڵەی دەربەن، تەکیە و کەسنەزان) و چەندانی تر نیگەرانییان هەیە لە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا.
بەوتەی رەئوف کەمالی قایمقام بێت، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای گوندەکان کەمینەکردووە، بەڵکو بەرزبوونەوەی پلەی گەرما هۆکار بووە بۆ ئەوەی خواست لەسەر کارەبا زیادبکات، کە بەوتەی ئەو، “هەندێکجار تا کاتژمێر 3:00ی بەرە بەیانیش کارەبایان پێدراوە”.
قایمقامی قەرەداغ ئەمرۆ شەممە 22.7.2023، بە 964ی وت، “گوندەکان بە هۆکاری ئەوەی مۆلیدەی ئەهلییان نییە، پێیانەوە دیارە کە کارەبایان کەمتر بێت لە 24 کاتژمێرەکەدا”.
لە ساڵی 2007وە لە قەرەداغ گوندەکان مۆلیدەی ئەهلییان نەماوە و بەشێک لە گوندەکانی قەرەداغ پێنج بۆ 10 ماڵی تێدایە.
“هەر کۆمەڵگە و گوندێک دەبێت 300 ماڵی تێدا بێت تا مۆلیدەی بۆ دابنرێت، گوندەکان لەگەڵ پێگەشتنی کارەبای نیشتمانی لەگەڵ ئەوە نەبوون کارەبای مۆلیدەیان هەبێت”، رەئوف کەمال وای وت.
دەشڵێت، بە هۆکاری ئەوەی قەرەداغ، هیچ لۆدێک بۆ سەر تۆڕی کارەبای گشتی درستنەکردووە و کارگە و کارخانە لە سنورەکەیدا نییە، “داوایان لە کارەبای سلێمانی کردووە، بڕی کارەبایان زیاد بکەن، بەڵام رەتیانکردووەتەوە بەتەنیا یەک قەزا دەستکاری بکەن”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی