چیرۆکی دوو هاوژینەکە
لە لەندەنەوە بە پایسیکل خۆیان گەیاندەوە کەلار
میلاد جەلال – گەرمیان
سێ مانگ پێش ئێستا لە لەندەنەوە گەشتێکیان دەستپێکرد لەگەڵ ھاوسەرەکەی، بە پاسکیل ١٧ وڵاتیان بڕیوە و ئەمڕۆ گەیشتنەوە کەلار، ئەمە چیرۆکی دوو هاوژینن، پیاوەکە کوردە و ژنە بەریتانییە.
ئەوانە لە گەشتەکەیان نارەحەتیان توشبووە بەڵام مەبەستیانە بووە بگە بە ئامانجەکەیان.
ھەڤاڵ مەحمود، کە خۆی خەڵکی باوەنوورە لە قەزای کەلار بە 964ى وت، ئەو ساتەی کە بیرۆکەی ئەوەم بۆھات بە پاسکیل بێینەوە کەلار، بە ھاوسەرەکەم وت ، بەبێ بیرکردنەوە وتی ئامادەم.
وەک باسی کرد، ساتی خۆش و ناخۆشی تیابووە گەشتەکەیان، چەندجار توشی ئاستەنگ بوون و هاوژینی سەیارە لێیدا، بەڵام وەک وتی، وام لێھات پەشیمان ببمەوە لە گەشتەکەم، پێموت ئەگەر ناتوانی بەردەوام نابین بەڵام ژنەکەم وتی بەردەوام دەبین.
وەک گێرایەوە، ئەوکاتەی نزیک بوونەتەوە و کەلاریان بینیوە باوەڕیان نەکردووە، ئێستاش باوەڕ بەخۆیان ناکەن کە ئەوانن و گەیشتوون. ھەڤاڵ وتیشی، ئەوکاتەی بە ماڵەوەمانم وت بە پاسکیل دێینەوە، دایکم زۆر خەمی بوو دەیوت رێگاکە قورسە و ماندوو دەبن، خەمی ئێمەی بوو.
ئەدەلینا لۆرا هاوژینی هەڤاڵە و یەکمجارە دێتە کوردستان ئەو وتی، کاتێک دەگەیتە کوردستان، دەبینی خەڵکەکەی بەڕاستی میهرەبانن هەمووان شتێکت پێشکەش دەکەن، خەڵک پێشنیارت بۆ دەکەن لە ماڵەکانیان بمێنیتەوە و ببیت بە میوانیان، وەک ئەندامێکی خێزانەکەیان رەفتارت لەگەڵ دەکەن، بۆیە ئەمە جیاوازییەکی زۆر زۆر گەورەیە.
ئەو گەرماکەی گەرمیان لێی داوە و دەڵێ، کەشوهەوا لێرە گەرمتر بوو بەراورد بە بەشەکانی تری گەشتەکەمان، کاتی زۆر خۆشترمان بەسەربرد بەهۆی میهرەبانیی خەڵکەکەیەوە، کاتێک خەڵک میهرەبان بن، دەروون و جەوی تۆش زۆر دەگۆڕێ.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا