هاوڵاتیانی بیانی بۆ وەرگرتنی ڤیزای عێراق چەندیان دەچێت؟

964+

فەهمی نەبی

بە پێی بەدواداچوونێکی 964 هەموو هاوڵاتیەکی بیانی کە بەبێ ڤیزا دێتە عێراق، یان کە ڤیزا وەردەگرێت دەبێت بڕێک پارە بدەن.

سالار مەرزانی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بێڤەرلی لە هەولێر بە 964ی وت، هەر هاوڵاتییەکی سوری، ئوردنی، میسری، جۆرجی، ئۆکرانی و ئازەربایجانی بێنە عێراق دەبێت ڤیزا بەشێوەی ئەلیکترۆنی وەربگرن، کە تێچووەکەی نزیکەی 150 دۆلارە.

سالار مەرزانی لە بارەی ئەوانەی دێنە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەگەر هاوڵاتییەکی بیانی بیەوێت بێتە هەرێمی کوردستان و نەیەوێت بچێتە شارەکانی دیکەی عێراق، بە ئۆنڵاین داوای ڤیزا لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەکات، دیسان نزیکەی 150 دۆلار تێچووی دەبێت و دوو رۆژی پێدەچێت.

سەبارەت بەو هاوڵاتییە ئەوروپیانەی بەبێ ڤیزا دێنە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بێڤەرلی دەڵێت، ئەوان لە فڕۆکەخانە لەگەڵ ئەوەی مۆری هاتنەژوورەوە لە پاسپۆرتەکەیان دەدرێت، بڕی 80 دۆلاریان لێ وەردەگیرێت وەک پرۆسەی ڤیزای On a Travel.

چەند رۆژێک لەمەوبەر پێگەی Henley Passport ریزبەندی باشترین و خراپترین پاسپۆرتی دیاریکرد، لە ریزبەندیەکە پاسپۆرتی عێراقی وەک دووەم خراپترین پاسپۆرت دیاریکرابوو، کە تەنیا دەتوانرێت بەبی ڤیزا گەشتی 29 وڵاتی پێبکرێت.