نرخەکەی لە 65 ملیۆنەوە دەستپێدەکات

نوێترین مۆدێلی تۆیۆتا FJ لە هەولێر نمایش کرا

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

ئێوارەی ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا نوێترین مۆدێلی ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا FJ نمایش کرا و بەپێی شێوەکەی بێت، قەبارەی بچووکترە لە مۆدێلەکانی پێشووتر و نرخەکەشی لە 65 ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات.

دارا حەمید، سەرپەرشتیاری بەشی فرۆشتن لە کۆمپانیای جیهان بە 964ـی وت: تۆیۆتا FJ مۆدێل 2027 یەكەم جارە لە بازارەکانی كوردستان و عێراق نمایش دەكرێت.

وتیشی: قەبارەی بزوێنەرەکەی 2.7ـی چوار پستۆنە واتە هەمان قەبارەی بزوێنەری تۆیۆتا هایلۆكسی بۆ دانراوە و بۆ رێگا سەختەکانی (ئۆف رۆد) و هاتوچۆی ناوشاریش دەبێت و نرخەکەشی لە 65 ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات.

یوسف عەبدولسەمیح، ئارەزوومەندیكی ئۆتۆمبێلەكەیە و بۆچوونی جیاوازی هەیە دەربارەی مۆدێلە نوێیەکەی FJ، ئەو بە 964ـی وت: خۆم مۆدێلیك لەوە كۆنترم هەیە، ئەو ئۆتۆمبێلە بە قەبارە گەورەکەی ناسراوە، بەڵام ئێستا شێوەیان تێكداوە و بچووکیان کردووەتەوە.

پێداچوونەوە: هەژان هادی