پزیشکێک: ٧٠٪ـی سەردانکەرانمان بۆ جوانکاری دێن
هۆڵیۆد سمایڵ.. مۆدێلی نوێی جوانکاری لە دەم و ددان دا
پزیشکێک: ٧٠٪ـی سەردانکەرانمان بۆ جوانکاری دێن
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
هۆڵیۆد سمایڵ، رۆژانە گەنجانێکی زۆر دەباتە لای پزیشکانی ددان بۆ مەبەستی جوانکاری، پزیشکێک دەڵێن زیاتر لە ٧٠٪ـی نەخۆشەکانیان بە مەبەستی جوانکاری بۆ ددانیان سەردانیان دەکەن.
“ناڕێکی ددانەکانم وای کرد بچمە پزیشکی ددان و تەلی رێککردنەوە دابنێم، چونکە ددان زۆر بەرچاوە و هەر جوڵەیەک بکەیت دەردەکەوێت”، ئەمە وتەی سۆما خالیدی تەمەن ٢٧ ساڵە کە دانیشتووی سلێمانییە بۆ +964 قسەی کردووە، باس لەوەش دەکات کە زۆر حەز بە هۆڵیود سمایڵ دەکات، بەڵام دیوە مادییەکەی رێگرە لە ئەنجامدانی.
پزیشکانی ددان دەڵێن هاوڵاتیانێکی زۆر جوانکاری لە ددانەکانیاندا دەکەن، ئەگەرچی بەشێکی بە پێویست دەزانن، بەڵام “زۆرینە بووەتە چاولێکەری و کاریگەریی ریکلام و سۆشیال میدیا”.
دکتۆر محەمەد کاوە قەیوانی، پزیشکی ددان لە شاری سلێمانی وای بە +964 وت “٧٠٪ـی ئەو نەخۆشانەی سەردانم دەکەن بۆ مەبەستی جوانکاری دێن، خواستی زۆر لەسەر رێککردنەوەی ددان و سپیکردنەوە و گۆڕینی شێوەی ددانەکان و هۆڵیود سمایڵە هەیە”.
بە بڕوای ئەو پزیشکە، رەنگ، شێوە، هێڵکاری و قەبارە ئەو چوار شتەی ددانن، کە جوانکارییان تێدا دەکرێت و دەڵێ؛ ئێستا سیستەمی دیجیتاڵ سمایڵ دیزاین بەکار دەهێنین، بەر لەوەی کارەکەی بۆ بکەین پێشتر پیشانی دەدرێت ئەو کارەی بۆی دەکرێت چۆن دەردەچێت.
نرخی جوانکاریی ددان بە پێی کارەکە و پزیشکەکە و شوێنەکە یان نۆرینگە و سەنتەرەکە دەگۆڕێت.
+964 لە بەدواداچوونێکیدا بۆ نرخی جوانکارییە جۆراوجۆرەکانی ددان لە نۆرینگە و سەنتەرەکان بۆی دەرکەوتووە، نرخەکان لە ٢٠ هەزار دینار کە پاککردنەوەی ددانە تا ١٥ هەزار دۆلار بەرز دەبێتەوە کە چاندنی سەرجەم ددانەکانن.
بەرزیی نرخەکانی کارکردن لە جوانکاریی ددانەکاندا سەندیکای پزیشکانی سەرقاڵ کردووە، چونکە سکاڵایەکی زۆری بۆ دەچێت.
“ئێمە دوای چەندان کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی نەگەیشتووینە دانانی نرخ بۆ شێوە جیاوازەکانی جوانکاریی ددان، لەسەر گرانی نرخی کارکردن لە دداندا مانگانە پێنج تا ١٠ سکاڵامان بۆ دێت”، د.سەنگەر سەرچڵ، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای پزیشکانی ددان وای بە +964 وت.