منداڵێكی یه‌ك ساڵان دووچاری شێرپه‌نجه‌ی گورچیله‌ بووه‌

+964
دیلان محه‌مه‌د جه‌زا – سلێمانی

منداڵێکی یەک ساڵان له‌ سلێمانی دووچاری شێرپەنجەی گورچیلە بووە، پزیشكێكی پسپۆڕیش ده‌ڵێت، شێرپه‌نجه‌ی گورچیله‌ی منداڵان حاڵەتێکی تایبەتە و ناو و پۆلێنێکی جیاوازی ھەیە.
سامان عومەر، باوکی ئەو منداڵەیه‌ و بە 964+ راگەیاند، ماوەی سێ مانگە منداڵە یەک ساڵانەکەی دەرمانی کیمیایی وەردەگرێت، بەهۆی ئەو شێرپەنجەیەی دووچاری گورچیلەی بووە.وتیشی، “لە سەرەتادا هەفتەی جارێک دەرمانی کیمیایی وەردەگرت، بەڵام ئێستا ١٤ رۆژ جارێک”.

سامان عومه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، منداڵەکەی کوڕە و تەمەنی یەک ساڵە و سێ مانگ پێش ئێستا دەرکەوتووە گورچیلەی چەپی دووچاری شێرپەنجە بووە.

هه‌روه‌ها ئاشكرای كرد، نە لە خێزانی خۆی و نە لە خێزانی هاوسەری هیچ كه‌سێك نەخۆشی درێژخایەنیان نییە.دکتۆر گۆران فریاد، پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە بە 964+ی وت، لە ھەموو جیھاندا توشبوون به‌ شێرپەنجە زیادیکردووە، ھەرێمی کوردستانیش وەک بەشێکی دانەبڕاو داتاکانی سەیر دەکرێت، ئەوەی تێبینیی کراوە شێرپەنجە دەگونجێت لە منداڵ و گەورەدا ھەبێت.

وتیشی: “شێرپه‌نجه‌ له‌ داهاتوودا نەخۆشییه‌كی جیھانیی دەبێت و پێویستە رێکاری پێویستی بۆ بگیرێتەبەر و پشکنینی پێشوەختە له‌ ناو هاوڵاتیان دەست پێبکرێت”.

شێرپەنجەی گورچیلەی منداڵان پێی دەوترێت (وڵمستیومەر) و حاڵەتێکە ناو بەناو روودەدات

شێرپەنجەی گورچیلە لە منداڵان جیاوازی ھەیە لە شێرپەنجەی گەورەکان، حاڵەتێکی تایبەتە و ناو و پۆلێنێکی جیاوازی ھەیە و ھەڵسوکەوتیش لەگەڵیدا جیاوازە، وەک نه‌خۆشییه‌كی مۆدێرن وایە”، دکتۆر گۆران فریاد وا ده‌ڵێت.

هه‌روه‌ها زانیاریی زیاتری له‌باره‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌وه‌ خسته‌ڕوو، “شێرپەنجەی گورچیلەی منداڵان پێی دەوترێت (وڵمستیومەر) و حاڵەتێکە ناو بەناو روودەدات”.

وتیشی، “نامەوێت خەڵکی بترسێنم، بەڵام ئەو کەسانەی گورچیلەیان لە شێوەی ناڵی ئەسپە، یان نەخۆشی زۆر دەگمەنیان ھەیە، پەیوەندیان ھەیە بەیەکەوە، ناڵێین ھۆکارێکە بۆ ئەو نەخۆشییە، به‌ڵكو ناوبەناو رووده‌دات و زۆر کەمە”.

ئه‌و پسپۆڕه‌ پێیوایه‌، ھۆکاری توشبوونی منداڵان به‌ شێرپه‌نجه‌ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەشێکی کێشەی جیناتیان هه‌یە و بەشێکیشی پەیوەندیدارە بە نەخۆشیەکی دیکەوە، مەرج نییە دایک و باوکی منداڵه‌كه‌ نەخۆش بن

منداڵێکی یەک ساڵان له‌ سلێمانی دووچاری شێرپەنجەی گورچیلە بووە- +964