تانکییەکی سیستمی غاز لە سەربانی ماڵێکدا لە سلێمانی. وێنە: 964
لە سلێمانی تەنیا یەک کۆمپانیا بۆی هەیە سیستمی غازی ماڵان بپشکنێت
964+
دیلان محەمەد جەزا
لە سلێمانی تەنیا یەک کۆمپانیا بۆی هەیە سیستمی غازی ماڵان بپشکنێت، ئەوەش دەنگی گلەیی کۆمپانیاکانی دیکەی بەرزکردووەتەوە.
کۆمپانیاکە ناوی فایناڵ چێکە، بانگەشە دەکات ئامێرەکانی پێشکەوتووترینەکانی بوارەکەن.
ساڵی رابردوو، سیستمی غازی ماڵێک لە گەڕەکی کازیوەی سليمانی تەقییەوە، دوای ئەوە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پشکنینی سەرجەم سیستمی غازی شوێنەکان.
ژمارەیەکی دیکە لە کۆمپانیاکانی دانانی سیستمی غاز گلەیی ئەوە دەکەن، رێگەیان پێنادرێت پشکنین لە ناو ماڵان وشوێنەکاندا بکەن.
لە شاری سلێمانی 37 کۆمپانیای دانانی سیستمی غاز هەن
نوێنەری کۆمپانیایەکی دانانی غاز کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە 964ـی وت، ئەوان لە رابردوودا هەر شوێنێک کە گرێبەستیان لەگەڵدا کردبێت، بۆ یەک ساڵ 200 دۆلاریان لێوەرگرتووە و لە ماوەی ساڵەکەدا شەش جار سەردانیان کردووە بۆ پشکنین.
محەمەد جەبار بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی سلێمانی بۆ 964 باسی لەوەکرد، کاری پشکنینی سیستمی غاز کەوتووەتە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازی، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئامێری پێویست ئیشەکە دراوەتە دەستی کۆمپانیا.
لە ماوەی رابردوودا، لە سۆشیاڵ میدیا ئەوە بڵاوکرایەوە کە کۆمپانیای فایناڵ چێک نرخێکی زۆری بۆ پشکنین داناوە، بەڵام کۆمپانیاکە رەتیدەکاتەوە هێشتا نرخ دیاریکرابێت.
ئاکار مەحموود بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تاقیگەی فایناڵ چێک بە 964ـی وت، “تا ئەم ساتە کارمان بۆ ژمارەیەک هاوڵاتی کردووە و زۆر کارەکانیان بەدڵ بووە، بە ئامێری پێشکەوتوو بەپێی مواسەفاتی عێراقی کار دەکەین”.
هەروەها وتی، نرخی کارەکان بەپێی شوێن و سیستم دەگۆڕێت، هەر جۆرە پشکنینێک نرخێکی جیاوازی هەیە، بەڕێوەبەرایەتی بازرگانییان ئاگادارکردووەتەوە بۆ پێدانی رێنمایی لەبارەی نرخەوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
بە قسەی خۆی، لە کاتی سەردانیان بۆ پشکنینی ماڵێک ئەگەر سیستمەکەی بە گشتی بۆ بپشکندرێت و تانکی غازەکەی بۆ چێک بکەنەوە، نزیکەی 250 هەزار دینار وەردەگیرێت، بەڵام ئەوە تەنیا بۆ یەک جارە و بۆ جارەکانی دیکە نرخی پشکنینەکە نرخی 25 هەزار دینار دەبێت.
لەبارەی ئەوەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە، ئاکار مەحموود وتی، ئەوەی بڵاوبووەتەوە و ئەو نرخە زۆرانە بەو شێوەیە نییە، “وێنەی چەند وەسڵێک بڵاوکراوەتەوە، ئەوە تایبەتە بە پشکنینی تانکەری گواستنەوەی غاز و چەند کەم و کورتییەکی هەبووە بۆیە بەو شێوەیە نرخەکەی زۆر بووە”.