پێشانگەیەک لە سلێمانی
لە قوماشی ماوە فەرش و تابلۆ دروست دەکەن
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
لە سلێمانی پێشانگەیەک بۆ تابلۆی هونەری و فەرش، لە پشماوەی قوماشی جلی کوردی کرایەوە و بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت، ئەو کەلوپەلانەی لە پێشانگەکە نمایش کراون پێکهاتوون لە کاری دەستی و فەرشی چنراو و تابلۆی دیوار کە هەموویان لە پارچە قوماشی جلی کوردی ماوە دروستکراون و نرخەکانیان لە نێوان 10 دۆلار بۆ 400 دۆلاردایە.
گوڵاڵە عەبدوڵا، کە یەکێکە لە بەڕێوەبەرانی پێشانگەکە بە 964ـی وت، لەلای بەرگردرووەکان پارچە قوماشەکانمان کۆکردووەتەوە، تابلۆ و فەرشمان لێیان دروست کردووە و زۆربەشیان قوماشی جلی کوردی بۆ بەکارهاتووە.
وتیشی، بەرهەمەکان بۆ فرۆشتنن، بەڵام تا کۆتایی پێشەنگەکە نایانفرۆشین و نمایشییان دەکەین.
لانە پێشڕەو یەکێکی دیکە لەوانەی کارە دەستییەکانی پێشانگەکەی کردووە دەڵێت، کارێکی ئاسان نەبووە و لەبەرئەوەی قوماشەکان ئەستوورن زۆربەیمان بە دەست دووریوە و لە مانگی 10ەوە خەریکی دروستکردنیانین.
شێنێ کامەرانیش باسی لەوە کرد، کە رۆژانە 30 کیلۆ قوماش فڕێ دەدرێت، ئەوان ئەو قوماشانە کۆدەکەنەوە و دووبارە ئەو بەرهەمانەیان لێ دروست دەکەن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر