هی سەردەمی ئاشورییەکانە

پارچەیەک شوێنەوار گەڕێندرایەوە عێراق

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، پارچەیەک شوێنەواری سەردەمی ئاشوورییەکانی لە سویسرا وەرگرتەوە، کە تەمەنی پارچەکە بۆ سەدەی حەوتەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەو پارچە شوێنەوارەی لە دەسەڵاتی تایبەتمەند بە گواستنەوەی نێودەوڵەتی موڵک و ماڵی رۆشنبیری، لە فەرمانگەی رۆشنبیریی فیدرالی سویسرا وەرگرتەوە.

پارچە شوێنەوارەکە لە سەدەی حەوتەمی پێش زایین دروستکراوە، لەسەر پارچە بەردێک چەند کەسێک لەسەر پشتی گالیسکەیەک کە ئەسپێک رایدەکێشێت دەردەکەون، درێژییەکەی 64 سانتیمەتر و بەرزییەکەی 41 سانتیمەتر و ئەستووریەکەی نۆ سانتیمەترە.

مارک ئەندرێ هاڵدیمان زانای شوێنەوار لە سویسرا، بە نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی عێراقی وتووە، ئەو پارچە شوێنەوارە هەمان وێنەکانی ئەو دیوارەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ ئیمراتۆریەتی ئاشووری لە شاری موسڵ.

لە کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵدا، بالیۆزخانەی عێراق لە ئەمریکا رایگەیاند، دوو پارچە شوێنەواری تەمەن شەش هەزار ساڵەیان لە ئەمریکا وەرگرتووەتەوە، ئەو پارچانانە پەیکەری فیل و مانگایەک بوون بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان دەگەڕێنەوە.

وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی عێراق لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا رایگەیاند، توانیویانە 17 هەزار پارچە شوێنەوار لە ئەمریکا و شەش هەزار پارچە شوێنەوار لە بەریتانیا و دوو هەزار و 500 پارچەی دیکەی لە لوبنان بگەڕێننەوە.